سپی زانیاری ورد لەسەر شەڕەکەی ئامرلی بڵاودەکاتەوە

داعش بەدرێژای ١٢ کاتژمێر لە ٣ی ئابدا زیاتر لە چوار هێرشی کرد سەر ناحیەی ئامرلی، بەڵام لەهەر هەموویاندا شکاوەو نزیکەی ٢٠٠ چەکداری لێ کوژراوە بە ئەمیرەکەشیانەوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگاداری هەرێم بە سپی میدیای راگەیاند کە دوێنێ ٣ی ئاب داعش هەموو هێزی خۆی بە تانک و زرێپۆش و تۆپەوە کۆکردەوەو بۆ ماوەی ١٢ کاتژمێر هێرشی کردە سەر ناوچەیەکی تورکمانی شیعە نشین کەویش (ئامرلی) یە، بەڵام زۆر بەخراپی شکاوە.
بە پێی ئەو سەرچاوە ئەمنییە باڵایە داعش ناحیەی ئامرلی لێبۆتە "گرێکوێرە"و لەدوای رووداوەکانی موسڵەوە چەندین هێرشی بۆ کردووە، بەڵام لە هەموویاندا شكاوە، ئەمجارە ئەمیرێکیان لە موسڵەوە بەناوی ( ئەبو نەمر) هێناوە، بەڵام بەپێی سەرچاوەکەی سپی نەک ئەو ئەمیرەش نەیتوانی ئەو شارۆچکەیە بگرێت کە دانیشتوانەکەی نزیکەی ٤٠ هەزار کەسە، بەڵکو تا ئێستا تەرمەکەی لە مەیدانی شەڕەکە بەکوژراوی جێ ماوە.
سەرچاوە ئەمنیەکەی سپی وتی" لەو شەرەی دوێنێدا کە سەرەتاکەی بە پاڵپشتی ئەو تانک و زرێپۆشانەی پێیان بووە پێشڕەویان کردووەو هاتونەتە چەند ماڵێکی سنوری ئەو ناحیەیە، بەڵام هەر زوو شیعە چکدارەکان دەریان پەڕاندوون.
لە شەڕەدا بەپێی ئەو زانیاریانە ٥ تانک سووتێنراوەو ٢تریش دەستی بەسەردا گیراوە. ٣ ئۆتۆمبیلی هەمەر سوتێنراوەو دووانیش چەکدارە شیعەکان گرتوویانن.
٣٥ پیکابی هێرش بەری داعش سوتێنراوە.
لەو کوژراوانە کە بەزیاتر لە ٢٠٠ چەکدار مەزندە دەکرێت زۆریان تەرمەکانیان لەبەرەکانی شەر جێماون.
ئامرلی کە دەکەوێتە رۆژئاوای دووزخورماتوەوە، دانیشتوانەکەی شیعەی تورکمانن، ئەو شارە لەدوای هێرشی موسڵەوە لەلایەن داعشەوە گەمارۆدراوە، خەڵکی شارەکەو ژمارەیەک لەپۆلسی فیدراڵی کە هاونیشتمانی  ئەو شارەن لەکاتی پاشەکەشەیان لە ناوچەکانی شەڕی تکریت و کەرکوک گەڕاونەتەوە شارەکەی خۆیان و خەڵكەکەیان رێکخست و بەو شێوەیە بەرگری لەشارەکەیان دەکەن، حکومەتی عێراقیش لەرێگای فرۆکەوە رۆژانە خواردن و چەک و تەقەمەنیان بۆ فرێدەداتە خوارەوە.      



PM:12:58:04/08/2014