پارتی داوای چەكی قورس لە ئه‌مەریكاو ئه‌وروپا ده‌كات
سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان فازڵ میرانی داوا له ئه‌مەریكا و ئه‌وروپا ده‌كات هاوكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن‌و رێگەی پێبدەن خاوەنی چەكی قورس بێت.
به‌پێی هه‌واڵێكی سایتی ره‌سمی پارتی دیموكراتی كوردستان، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان فازڵ میرانی، دوێنێ یه‌كشه‌ممه سه‌ردانی ده‌ڤه‌ری سحێلای كردووه بۆ ئه‌وه‌ی له نزیكه‌وه ئاگاداری ژیان و ڕه‌وشی ده‌ڤه‌ری شنگال و زوممار بێت.
وتویەتی: "ئێمه ده‌مانه‌وێت خه‌ڵكی خۆمان بپارێزین، به‌ڵام كۆنتڕۆڵكردنی ئه‌و ڕه‌وشه‌ی بۆ به‌رپرسانی ناوخۆیی هاته ئاراوه، كارێكی ئاسان نه‌بوو، بۆیه ئێمه هیوادارین خه‌ڵكی خۆمان بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان بگه‌ڕێنینه‌وه."
میرانی ده‌شڵێت، "ئێمه هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌مان ڕێك خستووه‌ته‌وه و ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ش چۆڵ ناكه‌ین و پارێزگاری له خه‌ڵكی خۆمان ده‌كه‌ین، به‌ڵام هه‌ندێك جار به هۆی هاتنه‌پێشه‌وه‌ی بارودۆخێكی ناكاو باڵانسه‌كه تێك ده‌چێت، بۆیه كۆنتڕۆڵی ئه‌و دۆخه بۆ به‌رپرسانی ناوخۆیی ئاسان نه‌بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئێستا پێشمه‌رگه جێگه‌ی خۆی گرتووه‌ته‌وه و به‌شێكیان ئه‌سڵه‌ن هه‌ر له جێگای خۆیان مابوونه‌وه."
وتیشی، "له ئه‌مه‌ریكا و یه‌كێتیی ئه‌ورووپا داواكارین هاوكاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، ڕاسته كه هێزی پێشمه‌رگه‌یه ده‌توانێت هاریكار بێت و ئه‌منییه‌تی كوردستان بپارێزێت، به‌ڵام ئه‌وه بۆ قۆناغی یه‌كه‌مه و قۆناخی دووه‌م ئه‌وه‌یه كه نه‌هێڵێت له عێراقدا تیرۆر گه‌شه بكات، ئه‌گه‌رنا تیرۆریستان ده‌بنه مه‌ترسییه‌كی گه‌وره نه‌ك به ته‌نیا له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و عێراق، به‌ڵكو له‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كه، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌ركی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه هه‌م پێشمه‌رگه چه‌كدار بكه‌ن و هه‌م مۆڵه‌تیش بده‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی چه‌كی قورس بێت و بكڕێت."
PM:02:38:04/08/2014