هەولێر.. ئەو كەسەی وەك پزیشك داوای وێنەی نەشیاوی لە ئافرەتان كردبوو دەستگیركرا


پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دەستگیركردنی كەسێكی راگەیاند كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا خۆی وەكو پزیشك ناساندووە و داوای وێنەی رووتی لە كچان و ژنان كردووە.

موقەدەم هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "دوای ئەوەی هاووڵاتییەك لە شاری هەولێر ئاگاداری كردینەوە كەوا لەلایەن كەسێكەوە هەڕەشەی لێدەكرێت، ئێمە وەكو بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر تیمێكمان پێكهێنا، دوای بەدواداچوون توانیمان ئەو كەسە دەستنیشان بكەین و ئەو تۆمەتبارە دەستگیر بكەین".
 
ناوبراو روونیكردەوە، ئەو كەسە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەی نەشیاوی ئەو كچانەی لە گرووپێكی تەلەگرام كردبوو، دوای دەستبەسەرداگرتنی هەردوو مۆبایلی تۆمەتبار، دەركەوت چەندین كچ و ئافرەتی دیكەش لەژێر هەڕەشەدابوون، مەبەستی ئەوەبوو پارە لەو كەسانە وەربگرێت.
 
هەروەها دەڵێت "پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەو تۆمەتبارە كراوەتەوە و بەپێی ماددەی 2ی مۆبایل دەستگیركراوە، دڵنیاییش دەدەینە ئەو كەسانەی كە هەڕەشەیان لێكراوە، ئێستا هەموو بەڵگەكان لەژێر دەستی پۆلیسن".
 
هۆگر عەزیز وتویەتی "ئەو كەسە خەڵكی شاری هەولێرە، خۆی وەكو پزیشكێكی بەناوبانگ ناساندبوو بە سەدرییەی پزیشكی وێنەی خۆی لە سۆشیالمیدیا بڵاو دەكردەوە. لەو رێگەیەوە پەیوەندی لەگەڵ ئەو كەسانە دروست دەكرد كە پەیوەندییان پێوەدەكرد و هەر لەو رێگەیەشەوە پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵیان دەبەست".



PM:09:56:02/07/2022