وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبارەی کوژرانی دوو مامۆستاکەی زانکۆ لیژنەیەک پێکدەهێنێت

ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم لیژنەیەکی سەبارەت بە کوژرانی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەڵاحەدین پێکهێنا.

بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە دەست ماڵپەڕی (سپی میدیا) کەوتووە، تێیدا هاتووە" کەیسى کوژرانی مامۆستایانى زانکۆى سەڵاحەدین – هەولێر، کەیسی وەزارەتەکەمان و تاک بە تاکی مامۆستایانى کوردستانە، چونکە بەزاندنى حەرەمى زانکۆ دەست بردنە بۆ پیرۆزییەکانى خوێندن و شێواندنى کلتور و بەهاو نۆرمە نیشتمانییەکان". 

ماڵپەڕی (سپی) لە تێلیگرام جۆین بکە

ئەوەش هاتووە" ئەنجومەنى وەزارەت بڕیارى پێویستىدا بۆ ئەنجامدانى ڕێککارى پەروەردەیى و زانستى و یاسایی، بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارە بونەوە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لێژنەى پەروەردەیى و زانستى و یاسایى بۆ بەدواداچونى ڕەهەندە جیاجیاکانى ئەم ڕوداوە پێکهێناوە". 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

ڕاگەیەنراوى کۆبونەوەى نا ئاسایى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتى (2022/7/3) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر، سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبونى هەمو ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت، کۆبونەوەى نا ئاسایى ئەنجومەنى وەزارەت بەڕێوەچو، کە تایبەت بو بە گفتوگۆکردن دەربارەى کەیسى مامۆستایانى بەغەدر شەهیدکراوان (د. کاوان ئیسماعیل) ڕاگری کۆلێژی یاسا و (د. ئیدریس حەمە خان) مامۆستا لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەدین– هەولێر.

لە سەرەتادا ئامادەبوان بۆ گیانى پاکى مامۆستایانى بەغەدر شەهیدکراوان چەند ساتێک بەبێ دەنگى وەستان و پرسەو ماتەمیان بۆ گیانى پاکى مامۆستایانى شەهیدى زانکۆى سەڵاحەدین دوپاتکردەوە.

لەم کۆبونەوەیەدا ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختى کردەوە، کەیسى شەهیدکردنى مامۆستایانى زانکۆى سەڵاحەدین - هەولێر، کەیسی وەزارەتەکەمان و تاک بەتاکی مامۆستایانى کوردستانە، چونکە بەزاندنى حەرەمى زانکۆ دەست بردنە بۆ پیرۆزییەکانى خوێندن و شێواندنى کلتور و بەهاو نۆرمە نیشتمانییەکانمانە، بۆ ئەمەش ئەنجومەنى وەزارەت دڵنیایى دەدات بەسەرجەم کۆمیونیتى ئەکادیمى کوردستان و هەمو خەڵکى کوردستان کە پێکەوە کار دەکەین بۆ پاراستنى سەروەرى یاساو بەدیهێنانى دادپەروەرى، هەروەها ئەنجومەنى وەزارەت داوا لە هەمو لایەنەکان دەکات کە هاوکارى دادگا بن بۆ سەلامەتى پرۆسەى لێکۆڵینەوەکان تاوەکو بە بڕیارێکى دادپەروەرانە ماف بۆ مافخوراوان بگەڕێندرێتەوەو سەبورى کەسوکارى قوربانیان بدرێت.

هەر لە کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنى وەزارەت بڕیارى پێویستى دا بۆ ئەنجامدانى ڕێکارى پەروەردەیى و زانستى و یاسایی، بۆ ڕێگەگرتن لە دوبارە بونەوەو تەشەنەسەندنى ئەم ڕوداوە دڵتەزێنانە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لێژنەى پەروەردەیى و زانستى و یاسایى بۆ بەدواداچونى ڕەهەندە جیاجیاکانى ئەم ڕوداوە نەخوازراوە پێکهێناوە.

لە کۆتاییدا ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دڵنیایى دەدات هەمو هەوڵێک دەخەینەگەڕ، لەپێناو پاراستنى ناوەندەکانى خوێندن و شکۆى مامۆستایان و ژینگەى خوێندن، بۆ ئەم مەبەستەش داوامان لە پەرلەمانى کوردستان و سەرجەم دامەزراوەکانى حکومەت و ئەنجومەنى دادوەرى و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و کۆمیونیتى ئەکادیمى کوردستان هەیە، کە لەم پرسەدا هاوکار و هەماهەنگى وەزارەتەکەمان و ناوەندە زانستییەکانى وڵاتەکەمان بن.

ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى
٣/ تەموزى/٢٠٢٢


PM:07:10:03/07/2022