ڕێگە نەدرا فڕۆکەیەکی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی هەولێر بنیشێتەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی هەولێر بەمیدیاکانی پارتی ڕاگەیاند، بەهۆی کێشەی یاساییەوە ڕێگەمان نەدا فڕۆکەیەکت ئێرانی  لە فڕۆکە خانەکەمان بنیشێتەوە.

ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە مێدیای پارتی راگەیاند "بڕیاربوو ئەمڕۆ فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانی ئێرانی، یەكەم گەشت لە شاری ورمێ-وە بۆ هەولێر ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی چەند رێكارێكی یاسایی رێگەیان بە نیشتنەوەی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر نەداوە".

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی هەولێر دەشڵێت " چوار رۆژە داوامان لە هێڵی ئاسمانی ئاتای ئێرانی كردووە، زانیاری تەواو لەبارەی فڕۆكەكە و سەرنشینەكان و ئەو بارەی هەڵگرتووە، بدات، وەك رێكارێكی یاسایی و ئاسایی بە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بەڵام هێڵە ئاسمانییە ئێرانییەكە رەتیكردووەتەوە زانیارییەكان بە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بدات، بۆیە رێگە بە نیشتنەوەی فڕۆكە ئێرانییەكە نەداوە".

 



PM:02:42:04/07/2022