بەبۆنەی تێپەڕینی ساڵێك بەسەر دوورخستنەوەی، لاهور شێخ جەنگی پەیامێكی بڵاوكردەوە

لاهور شێخ جەنگی رایدەگەیەنێت "هەرگیز كۆڵنادات و پشت و پەنای یەكێتییەكان و هاوڵاتییان دەبێت، بەردەوام دەبێت لە درێژەپێدانی ئەو نەهجە سیاسییە نیشتمانییە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕەنگڕێژی كردووە".

ئەمڕۆ 8-7-2022 ساڵێك بەسەر دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی وەك "هاوسەرۆك"ی یەكێتی تێپەڕی كە لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی  یەكێتییەوە سەرجەم دەسەڵاتەكانی لێوەرگیرایەوە، ئەمڕۆش لاهور شێخ جەنگی پەیامێكی بڵاوكردەوە.

دەقی پەیامەكە..

پەیامێك بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر كودەتا سەربازییەكەی ٨ـی تەمووز
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
جەماوەری دڵسۆز و خۆڕاگری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
سڵاوێكی گەرمتان لێبێت و جەژنی قوربانتان پیرۆز بێت
ئاشكرایە لە دوای كۆنگرەی چوارەم هاوسەرۆكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڵێنیان بە ڕۆحی بەرزی‌ مام جەلال و شەهیدانی یەكێتیی، و تەواوی شەهیدانی ڕێی ڕزگاریی كوردستاندا كە پابەند بن بەو ئەمانەتە‌ گرنگ و ئەركە مێژووییەی خراوەتە سەر شانیان، لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا بن كە پێیان سپێردراوە و كار بكەن لە پێناو ئاشتی و ئاوەدانی و خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
لەو چوارچێوەیەشدا بەڕێز لاهور شێخ جەنگی كە بە دەنگی ئەندامانی سەركردایەتی و بە شەرعییەتی كۆنگرە بوو بە هاوسەرۆكی یەكێتیی، لەو چركەساتەوە بێ گوێدانە ماندووبوون قۆڵی لێهەڵماڵی و بە ورەیەكی بەرز و بە‌ وزەیەكی یەكێتییانە و بە دنیابینییەكی كراوەوە بە پشتیوانی ئێوەی دڵسۆزانی یەكێتیی دەستی كرد بە نوێبوونەوەی یەكێتیی، هەوڵەكانی بەڕێزیان لەو پێناوە بوو كە یەكێتییەكی بەهێزمان هەبێت تا لە ڕێگەی حكومەتێكی ڕاستەقینە و بەهێزەوە كوردستانێكی بەهێزمان هەبێت و لە ئاستێكی بەرزدا ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان دابین بكرێت و هیوا بۆ گەنج و لاوەكان بگەڕێتەوە كە هەموو خەونیان بووە بە بەجێهێشتنی نیشتمان.
یەكێتیی لە دوای كۆنگرەی چوارەوە بوو بە خاوەن پەیڕەو و پرۆگرامی سەردەمیانە و پەیكەری حزبەكە ڕێكخرایەوە، دارایی و سەرچاوەكانی داهات ڕێكخرا، شكۆ بۆ ئەندام و كادر و ئۆرگانەكان گەڕێندرایەوە، ئەنجوومەنی سەركردایەتی بوو بە سەكۆی بڕیاردان. هەوڵدرا كۆدەنگی لە درووستكردنی بڕیار دەستەبەر بكرێت دوور لە بڕیاری تاكەكەسی و بەرژەوەندیی تایبەتی، كە بەداخەوە وا ساڵێك تێپەڕ دەبێت كۆبوونەوەكانی سەركردایەتی پەكخراوە و ڕۆڵی ئۆرگانەكانیش فەرامۆشكراوە.
یەكێتیی بەسەركردایەتی لاهور شێخ جەنگی پەیوەندییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانی حزبەكەی گەشاندەوە، لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە لایەنە كوردستانییەكان هەوڵی یەكڕیزیی نیشتمانی دەدات، لە‌گەڵ بەشێك لە هێز و لایەنە عێراقییەكانیش لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەكان ڕێككەوتبوو بە ڕەچاوكردنی پارێزگاریكردن لە مافە دەستورییەكانی گەلەكەمان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان.
لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم دژی تاكڕەویی سیاسی بوون، هەوڵدرا هاوسەنگی هێز دروست بكرێت، كار بۆ ئەوە دەكرا كە ئەو بارە لارەی حكومڕانی ڕاستبكرێتەوە كە بەسەر میللەتەكەماندا هێندراوە، كە بە داخەوە ئەوەتا هاووڵاتییان دۆخێكی خراپ و نالەباری ژیانكردن بەڕێدەكەن، لە كاتێكدا نرخی نەوت لە ماوەی ئەمساڵدا هەر ڕووە و سەرەوە بووە و تەنانەت بەرزترین ئاستی تۆمار كردووە.
هەوڵدرا هاوپەیمانی و كۆدەنگییەك درووست بكرێت لەگەڵ زۆرینەی لایەنە كوردستانییەكان تا لە بەغداد كورد یەكدەنگ و یەكڕیز بێت. جەخت دەكرایەوە كە دەبێت بەغداد قوڵایی ستراتیژیی هەرێم بێت، بە پشتبەستن بە دەستوور و بە لەبەرچاوگرتنی قەوارەی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی، كێشەكان چارەسەر بكرێن و هەوڵی بەدەستهێنانی مافە دەستووری و نیشتمانییەكان بدرێت.
بۆ دابینكردنی مووچە و قوتی هاونیشتمانیان، یەكێتیی بە سەرۆكایەتیی لاهور شێخ جەنگی سەردانەكانی بۆ بەغداد ئەنجامدا و لەگەڵ سەرۆكایەتییەكانی عێراق و لایەنە سیاسییەكان هەوڵی جدی درا بۆ نەهێشتنی پاشەكەوتی سەپێندراوی سەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم. چونكە بەڕێزیان باوەڕیان وایە كە ئەبێ لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، كێشە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێن، نەك وڵاتانی ئیقلیمی تەحەكوم بە مەلەفی نەوت و غازی هەرێمەوە بكەن. مەلەفی وزە، ئەبێ دەوڵەتی فیدراڵی عێراق سەرپەرشتیكاری یەكەمی بێت بۆ ئەوەی شەفاف و دادپەروەرانە بێت، (ئەمەش بە شەراكەت و ئاگاداری هەرێمی كوردستان)، ئەبێت ئەم مەلەفانە ئیدارە بدرێن، بەڵام بە قەتعی نابێت كۆمپانیا بیانییەكان و بنەماڵە سیاسییەكانی وڵاتانی ئیقلیمی تەحەكومی پێوە بكەن.
بەڕێزیان نەبوون بە بەشێك لە ئەجندا و پیلانی بێگانە بۆ لەناوبردنی خوشك و براكانمان لە ڕۆژئاوا، دژ بە داگیركاریی خاكی كوردستان و پیلانە هەواڵگرییەكان دژ بە خاك و نەتەوەكەمان وەستایەوە.
داوای لامەركەزیی دەكرد بۆ خزمەتكردنی پارێزگاكانی هەرێم بێ جیاوازی و نزیكیش بووبووەوە لە جێبەجێكردنی.
ئەم نوێبوونەوە و گەشانەوەیە، ئەم هێز و ورە پۆڵایینیەی یەكێتیی، ئەم سەركەوتنانە بوون بە تیرێك و لە دڵی ناحەز و نەیاران چەقی، هەر بۆیە لەم كات و ساتە هەستیارەدا كە یەكێتیی بە بەرگێكی نوێوە بەرەو هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز هەنگاوی دەنا و چاوەڕواندەكرا ژمارەیەكی زۆر كورسی لە بەغدا بەدەست بهێنێت و ببێتەوە بە هێزی یەكەم، دوژمنان پیلانیان لە دژ گێڕا تا یەكێتیی بخەن و یەكێتیی ناو یەكێتیی لەبار بەرن و ترازان لە ناو ڕیزەكانیدا درووست بكەن. دوژمنانی یەكێتیی خەونیان بەوەوە دەبینی كە كەلێن لە نێوان براكاندا درووست بكەن. هەر بۆیە ساڵێك لەمەوبەر لە پیلانگێڕییەكی قێزەون و بەرنامە بۆ داڕێژراودا بە پشتیوانی دەستی دەرەكی و لایەنێكی ناوخۆیی، ئاگریان لە ناوماڵی یەكێتیی بەردا و كودەتایەكی سەربازییان ئەنجامدا كە بۆ هەتا هەتایە وەك پەڵەیەكی ڕەش لە مێژوودا دەمێنێتەوە. خۆ ئەگەر دانبەخۆداگرتن و مامەڵەكردنێكی حەكیمانە و هەستكردنی بەرپرسیارانەی بەڕێز لاهور شێخ جەنگی و پەرۆشی و خەمخۆری بۆ خەڵكی كوردستان و یەكێتیی نەبوایە، ئەوەی بەدەستیش هاتبوو لەناو دەچوو. ئەو هەڵوێستەی بەڕێزیشیان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و عێراقی و نێودەوڵەتی بووە جێگای ستایشكردن كە ڕێگەی گرت لە خوێنڕشتن و لێكترازان لە ناوماڵی یەكێتیی.
لەگەڵ ئەوەی بەڕێزیان ڕێگەیان نەدا تووندوتیژیی ڕووبدات، بەداخەوە گروپێكی خۆسەپێن بە بەكارهێنانی بەشێك لە هێزە ئەمنییەكان دەستیان برد بۆ زۆر كاری ناڕەوا، چوار هەڤاڵی دڵسۆزی یەكێتییان شەهید كرد و كەوتنە ئازاردان و گرتن و سزادانی كادران و بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن و بڕینی قوتی ژمارەیەك لە هەڤاڵان، دواتریش بە بڕیاری ناپەیڕەوی و ناحزبی بۆ مەرامی تایبەتیی خۆیان كەوتنە گۆڕانكاری لە ئۆرگانە حزبییەكان.
۸ـی تەمووز نەك هەر ڕووداوێكی مێژوویی گەورە بوو لە نێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەڵكو لە تێكڕای گۆرەپانی سیاسیی كوردستان و عێراق پاشەكشێیەكی زۆر گەورە بوو لە دیموكراسیەت و سەروەری یاسا، لە ژیانی حزبی و لە ڕووی ستراتیژییەوە مەترسییەكی گەورەیە، چونكە دەبێتە پێشەنگ بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە ناوخۆییەكان لە ڕێگای كودەتای سەربازییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم كودەتایە لەناو یەكێتیی پێچەوانەی خەبات و تێكۆشان و ئامانج و باوەڕە نەگۆڕەكانی خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلالە.
ئێستاش دوای ساڵێك بەسەر ئەنجامدانی ئەو ڕووداوە، وەك ڕۆژی ڕووناك ڕاستییەكان بۆ هەموو یەكێتییەكان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەركەوتن و ئامانج و مەرامەكانی پشت ئەو كودەتایەی ساڵی پار ئاشكرا بوو.
هەمووان دەبینن ژیانی حزبیی ناو یەكێتیی بە بەراورد بە پێش ٨ـی تەمووز لە چ دۆخێكدایە، كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان باش دەزانن كە یەكێتییەكەیان چی لێهاتووە، ئۆرگانەكانی یەكێتیی چۆن پەكخراون. دۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان بە دەست بێ بەرنامەیی و بێ پلانی لەم دەڤەرە لە چ ئاستێكدایە، خزمەتگوزارییەكان چۆن پەكخراون و دارایی و سەرچاوەكانی داهات چۆن دیزە بە دەرخۆنە دەكرێن و قاچاخچێتی و پشكپشكێنە و داهاتی گومرگەكان چۆن بە تاڵان دەبرێن. ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین چۆن بەرتەسك كراوەتەوە، خەڵكی كوردستان هەژارتر و برسیتر كراوە، نادادپەروەریی كۆمەڵایەتی و ئاسایشی گشتیی (بە تایبەتی ناوچەكانی یەكێتیی) زیاتر بووەتە مەیدانی تەراتێنی دەزگا موخابەراتییەكان و ئازادیخوازانی كوردی پارچەكانی تر، تێرۆر دەكەن.
ئێستا ئەندام و كادر و لایەنگرانی دڵسۆزی یەكێتیی و هاووڵاتییانی كوردستان مافی ئەوەیان هەیە كە بپرسن بۆچی تا ئەم ساتەش بەڕێز لاهور شێخ جەنگی بێدەنگی هەڵبژاردووە؟!
بەڕێز لاهور شێخ جەنگی لە نائارامی و بێزاریی و نیگەرانییەكانی ئێوەی پارێزەری ڕاستەقینەی یەكێتیی تێدەگات، باش دەزانێت كە دەستان لەسەر دڵتانە و چاوتان لە ڕێگایە بۆ ئەوەی حزبەكەتان، حزبەكەی مام، حزبی شەهیدان لەوە زیاتر شكست نەهێنێت. ئەو یەكێتییەی كە پشت و پەنای هەژاران و هەموو ئازادیخوازان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بوو نەبێتە حزبی پاشكۆی هیچ لایەنێك، چونكە یەكێتیی حزبی هیچ كەس و گروپێك نییە و حزبی ئێوەی یەكێتییە دڵسۆزەكانە و بە ئێوەوە بەهێز و پتەوە.
بەڕێزیان بۆ چارەسەری كێشەكان و پوچەڵكردنەوەی هەموو ئەو تۆمەتە بێ بنەما و بڕیارە ناپەیڕەوی و ناحزبییانەی كە لە دوای كودەتا سەربازییەكەی ٨ـی تەمووزەوە دراون، پەنای بردۆتە بەردەم دادگا و سكاڵای یاسایی تۆمار كردووە، تا یاسا لەم كەیسەدا سەروەر بێت، پەنابردنی بەڕێزیان بۆ دادگاكانی هەرێم و عێراق بۆ ساغكردنەوەی تۆمەتەكان و دواتریش ساغكردنەوەی شەرعییەتی سیاسیی و قانونیی و حزبییە بەو پێیەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، حزبێكە لە قانونی ئەحزابی عێراقیدا، چوارچێوە حزبی و ئۆرگانی و شەرعیەتە سیاسییەكەی بە قانون ڕێكخراوە. بۆ هەموو لایەكیش ئاشكرایە كە شەرعیەتە جەماوەرییەكەشی لە كۆنگرەی چواردا جێكەوت بووە. هەر بۆیە چەندین جاریش بەڕێزیان دووپاتیان كردۆتەوە كە بە شانازییەوە یەكێتییە و خۆی بە خاوەنی یەكێتیی دەزانێت، پلە و پۆست لای گرنگ نییە، بەڵكو پلەی یەكێتییبوون شانازییەكە و هیچ كەسێك پێی نەبەخشیوە تا بتوانێت ئەو مافەی لێ وەربگرێتەوە جگە لە یەكێتییەكان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان.
بەم پەیامە ڕایدەگەیەنین كە بەڕێز لاهور شێخ جەنگی هەرگیز كۆڵنادات و پشت و پەنای یەكێتییەكان و هاووڵاتییان دەبێت، بەردەوام دەبێت لە درێژەپێدانی ئەو نەهجە سیاسییە نیشتمانییە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕەنگڕێژی كردووە، پشتیوان بە خوای گەورە و بە پشتیوانیی ئێوەی یەكێتییە دڵسۆزەكان و جەماوەری كوردستان بەڕێزیان لە دوای بڕیارەكانی دادگا، بەرنامە و پلانی جدی دەبێت بۆ هەستانەوەی یەكێتیی و خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان.
دووبارە جەژنتان پیرۆز بێت
نووسینگەی ڕۆژنامەوانی
بەڕێز لاهور شێخ جەنگی
٨ـی تەمووزی ٢٠٢٢   



PM:01:16:08/07/2022