کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە رۆژی جەژندا زیاد دەکرێن


وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، لە رۆژانی جەژنی قورباندا، ١٦ بۆ ١٧ كاتژمێر كارەبا بە هاوڵاتییان دەدرێت."

ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت " بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربانەوە، وەزارەتی كارەبا هەموو هەوڵەكانی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی لەماوەی رۆژانی جەژندا زۆرترین بڕە كارەبا بە هاوڵاتیان بدات".

لەو راگەیاندنەدا هاتووشە" بە پشت بەستن بە بەرهەمهێنانی سێ هەزار و ٥٠٠ مێگاوات كارەبا، لە هەر چوار رۆژی جەژندا، ماوەكانی پێدانی كارەبا لەنێوان ١٦ بۆ ١٧ كاتژمێردا دەبێت".

ئەوەش خراوەتە ڕوو " لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە رۆژانی جەژندا، زیاتر لە حەوت هەزار كرێكار و فەرمانبەر ٢٤ كاتژمێر لە كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم و كۆنترۆڵی كارەبای پارێزگاكان و وێستگەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبا و سیانەكان و پۆلیسی كارەبا بە شێوەی ئیشكگریی لە خزمەتی هاوڵاتیاندا دەبن".



PM:10:30:08/07/2022