لە بارەی کێشەی نێوان لاهور جەنگی و بافڵ تاڵەبانییەوە
پارێزەرێکی ئاگادار زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات


ئەمڕۆ دوو شەممە میدیای یەکێتی و لاهور جەنگی دوو نوسراوی جیاوازیان لەسەر بڕیاری لە دادگای بەغدا لە بارەی دەرکردنی لاهور جەنگیەوە بڵاوکردەوە، پارێزەرێکی شارەزاش زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات.  

بەپێی ئەو نوسراوەی نوسینگەی لاهور شێخ جەنگی بڵاویکردووەتەوە، دادگای کەرخ بە فەرمانی سالاری (امر ولائی) هەموو گۆڕانکاریەکانی یەکێتی ڕاگرتووە و بڕیاری دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگیش لە (هاوسەرۆکی یەکێتی) ڕاگیراوە، هەروەک حجزیشی خستووەتە سەر دۆسیەی یەکێتی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

دواتر میدیای یەکێتی نوسراوێکی جیاوازی هەمان دادگای بڵاوکردەوە، گوایە دادگای کەرخ لە ڕۆژی 12 ی حوزەیران، سکاڵاکەی لاهور شێخ جەنگی لە سەر یەکێتی نیشتیمانی ڕەتکردووەتەوە.

گۆران ساڵەح پارێزەر و شارەزای یاسا، کە هەردوو نوسراوەکەی دادگای کەرخی بینیووە، بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە "ئەو بڕیارەی کە جاری یەکەم دادگای کەرخ لە دژی یەکێتی داویەتی، پێیدەوترێت فەرمانی سالاری (امر ولائی) واتە بڕیارەکە لە غیابی سکاڵا لەسەرکراو دراوە، دواتر وەک لە نوسراوی دووەم دا دەردەکەوێت، یەکێتی بڕیارەکەی تەمیز کردووەتەوە و لە بەرژەوەندی خۆی یەکلایی کردووەتەوە."

 شادمان مەلا حەسەن سەرکردەی پێشووی یەکێتی و نزیک لە لاهور شێخ جەنگی، بە دەنگی ئەمەریکای گوت"سەرەتا دادگا لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی بڕیاریدا، کەچی دواتر هامش لەسەر نوسراوەکە نوسراوە، ئەو بڕیارەشی کە میدیای یەکێتی بڵاویکردووەتەوە، نازانین چییە دەگوزەرێت، ساختەیە یان چی."



PM:09:55:11/07/2022