نوری مالکی: نزیکبووینەتەوە لە دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران


سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاشکرای دەکات کە هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگی نزیکبوونەتەوە لە دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی کابینەی نوێ، ئەوە لە کاتێکدا دوێنێ هادی عامری بەشدارینەکردنی خۆی لە حکومەتی نوێ راگەیاند.

  نووسینگەی نوری مالکی بڵاویکردەوە " گفتوگۆکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان پێشکەوتنی بەدیهێناوە، ئەوەش دوای ئەوەی دووربووین لە پەراوێزخستن و دەرگامان بەڕووی هاوبەشە سیاسییەکاندا کراوە بوو". 
  
لە راگەیاندنەکەدا ئەوەش هاتووە، "ئێستا نزیکبووینەتەوە لە بەدیهێنانی ئامانجەکان کە گرنگترینیان دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانە لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتێک کە بتوانێت دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری باشتر بکات".
  
دوێنی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح کە یەکێکە لە هێزە سەرەکیەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای کرد کە نە خۆی کاندید دەکات بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت، نە بەشداری حکومەت دەکەن. 

بڕیاریشە رۆژی ١٥ ی تەموز دوای جەژن لایەنگرانی موقتەدا سەدر نوێژێکی بەکۆمەڵ بە بەشداری ملیۆنان رێکبخەن و تەنها ئاڵای عێراق بەرزبکەنەوە کە لایەنە شیعەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی مەترسی دروستبوونی پشێووی دەکەن.



PM:01:10:12/07/2022