موقتەدا سەدر پەیامێکی لەبارەی نوێژی هەینی بڵاوکردەوە

ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕێبەری ڕەوتی سەدر پەیامێکی نوێی لەبارەی نوێژی هەینی بڵاوکردەوە، کە بڕیارە سبەینێ ئەنجام بدرێت دەڵێت" لە هەموو ناڕەزایەتیەکانی پێشوو باڵاترە". 

موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر په‌یامێكی لەبارەی نوێژی هەینی یەکگرتوویی بڵاوکردەوە، کە بڕیارە سبەینێ لە شاری بەغداد بەڕێوەبچێت و وتی" نوێژی هەینی لە سەرووی هەموو ناڕەزاییەتییەکەوە بێت، خۆم یان نوێنەرەکەم بەشداریی نوێژەکە دەکەین". 

سەدر ئاماژەی بەوەشکردووە، نامەوێت عێراق بخەمە ناو ئاشوبێکی دیکەوە، داواش ده‌كەم ئه‌وانه‌ی به‌شداری ده‌كه‌ن، پابەندبن بە فەرمان و شێوازی نوێژی هەینییەوە.

لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەیدا ڕێبەری ڕەوتی سەدر جەختیش دەکاتەوە، دەنگی هەینی لە سەرووی هەموو ناڕەزاییەکانی دیکە بێت، ناچمە نێو فیتنەیەکی دیکە، بژاردەکە بۆ گەلە، پێشتریش پشتیوانیم کردووە، ئەگەر پێویست بێت لە رۆژانی داهاتوودا وەستانمان دەبێت بۆ پشتیوانی چاکسازیی. 

بڕیارە سبەینێ، بە بەشدارى لایەنگرانى سەدر، نوێژى هەینى یەکگرتوو ئەنجام بدرێت، کە ئەوەش وەک یەکەم جوڵەی سەدر دێت، دوای کشانەوەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستبەرداربوون لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق. 


PM:12:40:14/07/2022