بەرهەم ساڵح بە سەردانێکی نارەسمی دەچێتە ئەمەریکا

‌وێنە.. ئەرشیف
بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق چوار رۆژە بە سەفەرێکی نارەسمی چۆتە ئەمەریکا و چەند رۆژێک لەو ولآتە دەمێنێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغداوە بە " سپی " راگەیاند ئەو سەفەرەی سەرۆک کۆماری عێراق نا فەرمی و کەسی یە، بۆ هیچ لێدوانێکی لە بارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە.

ئەو سەردانە کە تا ئێستا نەزنراوە چەند رۆژ دەخایەنێت، لە چوارچێوەی ئەو گەشتە کەسیانەدایە کە بەرپرسانی کورد و عێراق لە رۆژانی جەژندا بۆ ئەوروپا و ئەمەریکا ئەنجامی دەدەن، سەفەری ئەمجارەی بەرهەم ساڵح لە رۆژانی کۆتایی جەژندا بووە.

تا ئێستا پرسی سەرۆک کۆماری عێراق لە نێوان پارتی و یەکێتی یەکلایی نەبۆتەوە، یەکێتی سورە لەسەر کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستەکە و، بۆ هەمان مەبەست دوو رۆژە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتۆتە بەغدا، هاوکات پارتیش تا ئێستا سورە لەسەر کاندیدەکەی، رێبەر ئەحمەد بۆ هەمان پۆست.

دوێنێش هەینی ١٥ ی تەموز موقتەدا سەدر وەک پێشاندانی هێزی جەماوەری خۆی، نوێژی هەینی ملیۆنی لە بەغدا ئەنجامداو لەگەڵ ئەو خۆپیشاندانە جەماوەریە گەورەیەدا، پەیامێکی بڵاوکردەوە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی و سونە و کوردەکان و، رایگەیاند" ئەوەی ئەزمون کراوە، بۆ دووبارەنەبوونەوەی تراژیدیاکان، نابێت جارێکی تر ئەزمون بکرێتەوە".  



AM:11:38:16/07/2022