ئێران سەرچاوە ئاوییەکانی زێی بچووک دەگرێتەوە

سەرپەرشتیارى پڕۆژەى ئاوى خاس ڕایگەیاند"لەلایەن ئێرانەوە ئاوى زێى بچوک گیرایەوە و مەترسى کەم ئاوى لەسەر دانیشتوانى قەڵادزێ دروستبووە".

ئەندازیار مارف مەحمود، سەرپەرشتیارى پڕۆژەى ئاوى خاس لە قەڵادزێ رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە ١٦ی حوزەیران، لەلایەن ئێرانەوە ئاوى زێى بچوک گیرایەوە کە بوەتە هۆى کەمبونەوەى ئاوى زێکە بە رێژەیەکى زۆر کە پێدەچێت لە دیوى رۆژهەڵاتەوە هیچ ئاوێک نەیەت و ئەو ئاوەى ماوەتەوە لە کانیاو و سەرچاوەکانى هەرێمى کوردستانەوە دەڕژێتە زێى بچوک کە ئەوەش رێژەیەکى زۆر کەمە.

باسی لەوەشکرد،  لەئێستادا لەهەوڵى چارەسەرکردنداین بۆ بەرزکردنەوەى ئەو ئاستە ئاوەى هەیە بۆ ئەوەى بڕژێتە ناو پڕۆژەکە و ئاو بۆ دانیشتوانى قەڵادزێ دابین بکەین و پێدەچێت ئەمڕۆ بەشێک لە گەڕەکەکانى قەڵادزێ بێ ئاوبن.

جەختیشى کردەوە، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، جگە لەوەى کاریگەرى دەبێت لەسەر پێدانى ئاو بە دانیشتوانى قەڵادزێ، لە هەمان کاتدا زەرەر و زیانێکى زۆر دەدات لە پڕۆژە کشتوکاڵیەکان و کێڵگەکانى ماسى کە لەسەر زێکەن.

 

ناوبراو وتیشی "چەند جارێک داوامان کردووە کە پڕۆژەى ئاوى خاس پێویستى بە ویرێکى ئەندازەییە کە لە پێش پڕۆژەى ئاوى خاس دروست بکرێت و لەوەش گەورەتر بەنداوى دەڵگە دروست بکرێت کە ئەو کاتە کۆنتڕۆڵى ئاوەکە لە دەست خۆیاندا دەبێت نەک لایەنى دیکە".



PM:05:05:16/07/2022