سیاوەش نوورپوور هونەرمەندی بواری مۆسیقای کرماشانی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سیاوەش نوورپوور هونەرمەندی ناسراوی مۆسیقای نەریتی و عیرفانی کرماشان لە تەمەنی (٧٣) ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
سیاوەش نوور پوور ئاوازدانەر، تار و سێتار و تەنبووە ژەن، ساڵی ١٩٤٩ لە کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە.
ناوبراو لەگەڵ ئۆرکێسترای فەرهەنگ و هونەری مۆسیقای کرماشان هاوکار هەبووە و هەروەها لەگەڵ ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی کرماشان کاری کردووە .
نوور پوور ساڵی (١٩٧٩) لەگەڵ گرووپی ناوەندی پاراستن و گەشەی مۆسیقای کرماشان بە چاوەدێری مەسعوود زەنگەنە سەرپەرشتی گرووپی تەموورە ژەنانی لە ئەستۆ گرت.
هەروەها ئەو کەسایەتییە ناسراوە کوردە لە ساڵی (٢٠٠٢) و لەسەر داوای مەزهەر خالقی لەگەڵ چەند مامۆستایەکی دیکە سەردانی شاری سلێمانی کرد و لەو شارە ئاھەنگێکیان سازکرد.