وتەبێژی كۆمەڵی دادگەریی رەخنەی توند لە پارتی دەگرێت


وتەبێژی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان رەخنەی تون دلە پارتی دیموكراتی كوردستان دەگرێت و پێیان دەڵێت "دەسەڵات بە تایبەت پارتی، بۆ بە تەشهیر و هەڵچونەوە وەڵامی سەرۆكی كۆمەڵ دەداتەوە؟ لەكاتێكدا هەمان پەرچەكرداری نییە بەرامبەر بە لێدوانی سەرۆك و سەركردە و پەرلەمانتارانی حزبەكانی دیكە".

محەمەد حەكیم، وتەبێژی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان رایگەیاندووە "ئەم دەسەڵاتە، بە تایبەت پارتی، ڕەخنەكانی سەرۆكی كۆمەڵ یان سەركردە و پەرلەمانتارەكانی، بە تەشهیر و هەڵچونێكی سەیرەوە لەلایەن سەركردە و سوپا سێبەرەكەی لە نێو راگەیاندن و سۆشیال میدیا وەڵام دەداتەوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لێرەدا حەقی خۆیەتی پرسیارێك بكرێت ئایا دەسەڵات بە تایبەت پارتی، بۆ بەم تەشهیر و هەڵچونەوە وەڵامی سەرۆكی كۆمەڵ دەداتەوە؟ لەكاتێكدا هەمان پەرچەكرداری نییە بەرامبەر بە لێدوانی سەرۆك و سەركردە و پەرلەمانتارانی حزبەكانی دیكە".

محەمەد حەكیم وتویەتی "لە لایەكی ترەوە ئێوە كە ڕەخنەیەكی حەقتان قەبوڵ نەبێت؛ بۆ ناپرسن ئەی ئەم حزبە ئەم هەموو ستەمەی ئێوەی بۆ قەبوڵ بێ ! چونكە ئەو نەهامەتییەی ئێستا میللەتی تێدایە بەدەست ستەمی حوكمڕانی ئێوەوە، كۆمەڵ بە ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆی دەزانێت وەكو حزبێكی سیاسی داكۆكی لە مافی میللەت بكات و ، ڕەخنە لە دەسەڵاتیش بگرێ و میللەتیش چاوڕێی زیاتر لە كۆمەڵ ولایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن ئەكات وبەمەی ئێستایان رازی نییە".

وتەبێژەكەی كۆمەڵی دادگەریی روونیكردۆتەوە "ئایا لەخۆتان نەپرسیوە چەند ستەمتان لەم حزبە (كۆمەڵ) كرد، هەر لە ناو دەسەڵاتی كوردیەوە نەبوو هاوكار بوون لە موشەكبارانكردنی بنكە و بارەگاكانمان لە لایەن ئەمریكاوە كە بووە هۆی شەهیدبوونی ٤٧ پێشمەرگەمان و برینداربوونی دەیانی تر، دواتر دەستگیركردن و راوەدونانی ئەندامانمان، وە پاشان هەر لەژێر دەسەڵاتی ئێوە و حوكمڕانی ئێوە نەبوو ئەمیری كۆمەڵ دەستگیر كرا؟ وە هەر ئاسایش و دەزگا ئەمنییەكانی ئێوە نەبوو ئەندام و كادیرانی كۆمەڵ دەستگیر دەكردو ودەیكات و ئەشكەنجەی دەدان، وە هەر ئەندام و لایەنگرانی كۆمەڵ ـە كە لە زۆر ماف لەم ھەرێمە بێ بەشن لەبەر ئەوەی پشتگیری لق و مەڵبەندەكانی ھەردوو حزبی دەسەڵاتیان نییە، هەر ئێوە نەبوون لە مێژووی پەرلەمانی كوردستان تەنها متمانەتان لە پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ وەرگرتەوە، نازانم بۆ هەست بە ستەمەكانی خۆتان بەرانبەر بە میللەت بە گشتیی و كۆمەڵ بەتایبەت ناكەن كاتێك وەڵامی لێدوانێكی كۆمەڵ دەدەنەوە؟".



PM:09:37:19/07/2022