لێدوانی نوێی چاوشئۆغڵو سەبارەت بە رووداوەكەی زاخۆ


وەزیری دەرەوەی توركیا رایدەگەیەنێت، سەرباز و پۆلیسی تورك خەڵكی سڤیل ناكەنە ئامانج.

مەولوود چاوشئۆغڵوك وەزیری دەرەوەی توركیا لە بەرنامەیەكی كەناڵی تەلەفیزیۆنی توركیا وەڵامی چەند پرسیارێكی لەبارەی تۆپبارانەكەی رۆژی چوارشەممەی سنووری زاخۆی دایەوە و رایگەیاند "سەرباز و پۆلیسی تورك خەڵكی سڤیل ناكەنە ئامانج".

چاوشئۆغڵو روونیكردەوە "سەرباز و پۆلیسی تورك بەدەر لەوەی سڤیل ناكەنە ئامانج، لە هەموو شوێنێكدا سڤیل و ستەمدیدەكان دەپارێزن، ئێمە گەلێكی واین. سوپا، پۆلیس و جەندرمەش لەم بابەتەدا تا بڵێی هەستیارن".

پاشنیوەڕۆی دوێنێ ناوچەیەكی گەشتیاری لە سنوری قەزای زاخۆ تۆپباران كرا و بەهۆیەوە ژمارەیەك گەشتیار كوژران و برینداربوون، سەرجەم بەرپرسانی عێراق و كوردستان سوپای توركیا بەو رووداوە تۆمەتبار دەكەن، وەزارەتی دەرەوەی توركیاش ئەو تۆمەتباركردنەی رەتكردەوە.



PM:12:22:21/07/2022