"هەر تاوانێک لە هەرێمی کوردستان بکرێت حکومەتی عیراق لێی بەرپرسیارە"

سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان لەبارەی تۆپبارانەکەی دوێنێی دەوڵەتی تورکیا تورکیای بۆ گوندی پەرەخی ئیدارەی سەربەخۆی قەزای زاخۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" هەر تاوانێک لە هەرێمی کوردستان بکرێت حکومەتی عیراق لێی بەرپرسیارە".

محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود، سه‌رۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" وەک لای هەموو لایەک ئاشکرایە لە دوێنێ چواوشەممە تۆپخانەکانی تورکیا ناوچەیەکی گەشتیاری ناحیەی دەرکار لە سنووری زاخۆ یان تۆپباران کرد و هەشت کەس بوونە قوربانی و ٢٢ کەس برینداربوون کە سەرجەمیان گەشتیار بوون، لە کاتێکدا ئەو ناوچە گەشتیارییە زیاتر لە ١٥٠٠ گەشتیاری لێ بووە! بە داخەوە ئەمە یەکەمجار نییە حکومەتی تورکیا هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات، ماوەی ٣٠ ساڵ زیاترە خەڵکی کوردستان بە غەدرو ناحەق دەبنە قوربانی بۆردوومانی مووشەک و فڕۆکەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان بۆتە جێگەی تەسفیە حسابی کێشەکانی ناو تورکیا و کوردستانی باکوور و بەو هۆیەوە تائێستا زیاتر لە ٤٠٠ گوندی کوردستان چۆڵکراون و خەڵکەکەی ئاوارەبوون و رۆژانەش خەڵکی بێتاوان و هەژار لەناو گوند و رەزو باخەکانیان دەبنە قوربانی و دەر بە دەر ئەبن و ماڵ و حاڵیان وێراندەکرێت".

ئەوەشی خستەڕوو، زیاتر لە ٣٠ ساڵە کوردستان لە ڕێگای فڕۆکە و تۆپخانەوە ناو بەناو بۆردەمان دەکرێت و باجەکەشی خەڵکی کوردستان دەیدات و هەموو دنیاش بێ دەنگە لە ئاستی ئەو تاوانانە، لە کاتێکدا بە بەرچاوی هەموو وڵاتان و راگەیاندنەکانیانەوە خەڵکی ناوچەکە ئەبنە قوربانی و لەوەڕگاو دارستان و رەز و باخەکان دەسوتێن، جگە لەوەش دەست لە خەڵکی کوردستانی باشوور ناپارێزن و زیاتر لە سەدان  هاوڵاتی بێتاوان بوونەتە قوربانی. 

محەمەد حاجی مەحمود دەشڵێت" ئەوەی بە ئاشکرا دیارە کوردستان بووەتە مەیدانی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە، بەڵام ئەوە لە بێ دەسەڵاتی و بێ سەروبەری و لاوازی عێراق و نەبونی دەوڵەتی عیراق و بێ هەڵوێستی حکومەت و پەرلەمانە کە نەیانتوانیوە لە ٢٠٠٣ تائێستا رێکەوتنی ١٩٨٤ی تورکیا و عێراق هەڵوەشێنێتەوە و رێکەوتنی جزائیری ١٩٧٥ کە کاری ئەساسی پەرلەمانی عیراقە و سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە عیراق پێی خۆشبووە رۆژانە بۆردوومانی کوردستان لە بادینان و دهۆک و هەولێر و سلێمانی و پێنجوێن و ماوەت و قەڵادزێ و چۆمان و برادۆست بکرێت". 

وتیشی" بە داخەوە بۆ ئەو ڕوداوەی گوندی پەرخ ! بەڵام ئەوەی جێی تێڕامان و نیگەرانییە ئەو هەموو ساڵە بەقەدەر رووداوی ٢٠ی تەموزی ٢٠٢٢ دەنگی جەماوەر و حکومەتی عیراقی نەجوڵاند و ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتیەکان و وڵاتانی نەهێنایە قسە، پرسیارەکە لێرەدایە .. خوێنی کورد لەو ٣٠ ساڵەی رابردوو هەرزانترە لە خوێنی برا عەرەبەکان لە گوندی پەرخ دەرکاری سنووری زاخۆ..؟ بەناحەق خوێنڕشتنی هەر مرۆڤێکم  زۆر لا قورسە، خوێن ڕشتنی مرۆڤ بە هەر پاساو و بیانویەک ناحەقە و نامرۆڤانەیە و دوورە لە بەهاکانی مرۆڤایەتی و ئەخلاقی و ئایینی و پێم وایە خوێنی ئەو کوردانەی بونەتە قوربانی لە ٣٠ ساڵی رابردوودا هێندەی رووداوی ٢٠ی تەموزی گوندی پەرخ و ئەو ناوچە گەشتیارییانە گرنگی پێنەدراو کاردانەوەی نەبووە، بۆیە بە ڕەوای دەزانین گەر بڵێین هەر تاوانێک لە کوردستانی عیراقدا بکرێت حکومەتی عیراق لێی بەرپرسیارە، ئیتر کاتی ئەوەیە کوردیش هەڵوێستەیەک لەسەر ئەوەی رابردوو و ئێستا و داهاتوو بکات".


PM:07:01:21/07/2022