"پلەبەندی خشتەی مووچەی فەرمانبەران دەگۆڕدرێت"

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" هەمواركردنەوەی یاسای پلەبەندی خشتەی مووچەی فەرمانبەران نێردراوە بۆ پەرلەمان و هەموار دەكرێتەوە". 

لەمبارەیەوە جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی له‌ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا بە میدیای پارتی ڕاگەیاند" پڕۆژەی هەموواری پلەبەندی، یان خشتەی نوێی مووچەی فەرمانبەران، كە لە خوارەوە لە پلە (١ بۆ ١٠) پلە دەبێت، یەکسانی لە نێوان مووچەی وەزارەتەکانی حکوومەتدا دێنێتە کایەوە، بۆ نموونە، فەرانبەرێك كە ناونیشانی ئەندازیارە لە وەزارەتی نەوت، دوو بەرامبەر مووچەی زیاترە لە فەرمانبەرێكی هاوشێوەی خۆی لە وەزارەتی كارەبا، لە زۆر وەزارەتی دیكەیش هەیە، پڕۆژەكە بۆ ئەوەیە ئەو نایەكسانییە نەمێنێت".
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا جەمال کۆچەر باسی لەوەشکرد، هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژەكە دەكەن و دوای سەرنجەكان، كاری لەسەر دەكرێ و دواتر هەموار دەكرێتەوە.

وتیشی" هەموارەكە چەندین سوودی دەبێت، وەکو بەدیهێنانی جۆرێک لە دادپەروەری لە دابەشکردنی مووچە و ئاسانکردنی پڕۆسەی گواستنەوەی فەرمانبەران لە نێوان وەزارەتەکاندا، ئەوە جگە لەوەی سوودی ئابووریشی هەیە". 

هاوکات لای خۆشیەوە، یاسین عەبدلواحید بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند" ئەو یاسایەی كە بۆ پلەبەندی مووچە هەیە، یاسای ژمارە (٢٢)ی ساڵی (٢٠٠٨) لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ دەكرێت". 

ڕوونیشیکردەوە، یاسای مووچە ئیتیحادییە، دەبێت هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە، بەڵام جارێ نازانین هەموار و گۆڕانكارییەكە چۆن دەبێت. 


PM:01:00:27/07/2022