سلێمانی.. نەخۆشخانەیەکی تایبەتی کۆرۆنا بە هاوکاری ئەڵمانیا کرایەوە

 

بە هاوکاری ئەڵمانیا لە شاری سلێمانی نەخۆشخانەیەکی ١٠٠ قەرەوێڵەیی تایبەت بە کۆرۆنا کرایەوە، کە ٣٠ قەرەوێڵەی تایبەتە بە چاودێری ورد.

ئەمڕۆچوار شەممە ٢٧ ی تەمووز، لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، نەخۆشخانەی ١٠٠قەرەوێڵەیی تایبەت بە کۆرۆنا کرایەوە، کە خەرجییەکەی لە چوارچێوەی ئەو ٢٤ملیۆن یۆرۆیەدا بووە، کە ئەڵمانیا بۆ درووستکردنی چەند نەخۆشخانەیەک لە سلێمانی، بەغدا، موسڵ و بەسرا لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا دابینیکردووە.

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی ئەڵمانیای کرد و قتی هەوڵ دەدەن  پێداویستییە مرۆییەکانی نەخۆشخانەکە دابینبکەن و سوودی لێببینن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان.

ئەوەش لە کاتێکدایە ژمارەی تووشبوان بە کۆرۆنا جارێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و وەزیری تەندروستیش دەڵێت "شەپۆلی پێنجەمی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە و پێویستە هاووڵاتیان پابەندی خۆپارێزییەکان ببن".

هاوکات سەباح هەورامی، بەڕێوەبەرت گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، "نەخۆشخانەکە ئاستێکی بەرزی هەیە و بەشەکانی، چاودێری ورد، تاقیگە، قاوش، سۆنەر، تیشک و ستی سکان لەخۆدەگرێت".

 



PM:02:38:27/07/2022