سزای
سێدارەی دوو بەندکراوی ژن بە ناوەکانی سوهەیلا عابیدی خەڵکی بیجاڕ و فەرانەک بەهشتی
خەڵکی تیکاب کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو،
ئەمڕۆ سزاکەیان جێبەجێکرا.
ئەمڕۆ چوار شەممە، رێکخراوی
هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند " سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، سزای
لەسێدارەدانی دوو ژنی کورد لە گرتووخانەکانی ئورمیە و سنە جێبەجێ کرا".
باس لەوەشکراوە، یەکێک لە ژنەکان ناوی سوهەیلا عابیدییە و تەمەنی
٣٣ ساڵە، ناوبراو هەشت ساڵ پێش ئێستا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و
دواتر لەلایەن دەزگای دادی ئێرانەوە بە تۆمەتی کوشتنی هاوسەرەکەی سزای
لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو، هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکان، سوهەیلا لە
تەمەنی ١٥ ساڵیدا ناچار بە ئەنجامدانی هاوسەرگیری کراوە.
" ژنە لەسێدارەدراوەکەی دیکە ناوی فەرانەک بەهەشتییە و
پێنج ساڵ پێس ئێستا بە تۆمەتی کوشتنی هاوسەرەکەی دەستبەسەرکراوە و لەلایەن
دەسەڵاتی دادوەری ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، لە ماوەی پێنج
ساڵی رابردووشدا لە گرتووخانەکانی مهاباد و ئورمیە راگیرابوو".
رێکخراوی هەنگاو ئەوەشیخستەڕوو، تاوەکو ئێستا جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەو
دوو ژنە لە میدیا فەرمییەکانی ئێرانەوە بڵاونەکراوەتەوە، هاوکات لەگەڵ ئەو دوو
ژنەدا، ١٣ پیاوی دیکە لە گرتووخانەکانی سنە و ئورمیە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای
لەسێدارەدان بەسەریاندا گوازراونەتەوە ژووری تاکەکەسی و تا ئێستا هیچ زانیارییەک
لەبارەیانەوە بەدەست نەگەیشتووە.