ئاسایشی سلێمانی: دەستبەسەر ١٤٩ كیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیرا


بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و بازرگانانی ئەو ماددانە، لە دوو چالاكی جیادا دەستبەسەر بڕی (١٤٩) كیلۆ ماددەی هۆشبەری لە جۆری (كریستاڵ)دا گیرا".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "لەچالاكی یەكەمدا دوای لێكۆڵینەوەی وورد و بەدواداچوون هێزەكانی ئاسایش بەفەرمانی دادوەر لە ٢٠٢٢/٦/١٤ دەستیان بەسەر بڕی (٩٢) كیلۆ ماددەی كریستاڵدا گرت و ئەو ماددانەش لەدەرەوەی هەرێمەوە هێندرابوون".

هەروەها دەڵێت "لە چالاكی دووەمیشدا هێزەكانی ئاسایش دوای لێكۆڵینەوەی وورد لەڕێگەی یەكێك لە بازگەكانەوە لەرۆژی ٢٠٢٢/٧/٢٥ دەستیان بەسەر بڕی (٥٧) كیلۆ ماددەی كریستاڵ داگرت كە لەناو قوتوی ڕۆنی ئۆتۆمۆبێلدا شاردرابوونەوە و تۆمەتبار كە ناوی (ح.ع.م) و لەدایكبووی ١٩٨٩ یەوە بەرەگەز كوردە ، بەنیازبوون لە شاری سلێمانیەوە بیباتە شارەكانی تری هەرێمی كوردستان و  بەفەرمانی دادوەر بەپێی ماددەی (٢٥) لە یاسای ماددە هۆشبەرەكان ڕاگیراوە و دەست بەسەر كریستاڵەكەدا گیراوە".



AM:11:33:28/07/2022