دۆخی بەغدا زۆر خراپە
خۆپیشاندەران دەیانەوێت بچنە ناو ناوچەی سەوزەوە

ئەمڕۆ شەممە بەغدا لە خراپترین دۆخی سیاسی و ئەمنی خۆیدا دەژی و لایەنگرانی سەدر دوای داخستنی زۆرێک لە بارەگاکانی حزبەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، لە بەیانی ئەمڕۆەوە لە چواردەوری ناوچەی سەوز کۆبوونەتەوەو دەیانەوێت بچنە ناو ئەو ناوچەیەوە کە هەموو دەزگاکانی حکومەت و باڵوێزخانەکانی وڵاتانی لێیە.

هەرچەندە بڕیار بوو کاتژمێر ١٠ ی ئەمڕۆ خۆپیشاندان لە مەیدانی تەحریر دەستپێبکات و خۆپیشاندەران بچنە ناوچەی سەوزەوە، بەلآم خۆپیشاندەران هەر لەبەیانی ئەمڕۆوە هاتوونەتە بەردەم دەروازەکانی ناوچەی سەوز، ئەوە لە کاتیێکدایە کە لە دوێنێوە هێزە ئەمنییە عێراقییەکان لە ئینزاردان و بەژمارەیەکی زۆر چواردەوری ناوچەی سەوزیان گرتووە.

هەموو ئەوانە لە کاتێکدا روودەدەن کە هەندێک دەنگی سەرکردەکانی چوارچێوەی هامەهەنگی لە لێدوانەکانیاندا سوورن لەسەر مانەوەی محەمەد شیاع سودانی وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کە ئەمەش سەدرو خۆپیشاندەرانی زیاتر تووڕە کردووە.

دوێنێ شەویش، شەوی داخستنی بارەگاکانی حزبەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بوو لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق و دەیان بارەگای رەوتی حیکمە و حزبی دەعوە داخران و، خۆپیشاندەرانی رەوتی سەدر کە بارەگاکانیان دادەخست، لە دیوارەکانیان دەنووسی بە " فەرمانی گەل " داخران. 

 



AM:09:33:30/07/2022