بەرهەم ساڵح داوایەك لە لایەنەكان دەكات



بەرهەم سەرۆك كۆماری عێراق داوا لە لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەكات بەزوترین كات گفتوگۆیەكی نیشتمانی راستگۆیانەی جددی دەست پێبكەن، تاوەكو ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق بەرقەرار بێت.

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لە پەیامێكدا رایگەیاند "بەهۆی ئەو دۆخە ناهەموارەی لەمڕۆدا یەخەی وڵاتەكەمانی گرتوە، ئەركی سەرشانی هەمومانە پابەندبین بە هێوركردنەوەی دۆخەكە و زاڵكردنی زمانی ئەقڵ و دیالۆگ و گفتوگۆ، هەروەها پێویستە بەرژەوەندی باڵای وڵات بخەینە سەروی هەموو بەرژەوەندییەكی دیكەوە، پێویستە هەموو رۆڵەكانی عێراق بە هێز و بازوی خۆیان پێكەوە نیشتمان بپارێزن و لە جاران زیاتر یەكرێز و یەكدەنگبین و نەهێڵین ناكۆكییە ناوخۆییەكان پەرتەوازەمان بكەن".

بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوەكردووە "لە پێناو هێوركردنەوەی دۆخی ئێستا و تەشەنەنەكردنی و بە پەرۆشیمان بۆ بەرژەوەندی وڵات و هاونیشتمانیان، بە پێویستی دەزانین بەزوترینكات گفتوگۆیەكی نیشتمانی راستگۆیانەی جددی دەستپێبكەین، تاوەكو ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتەكەماندا بەرقەرار بێت و عێراقییەكانیش لەوە دڵنیا بكەینەوە كە بەهەر نرخێك بێت ئاشتی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەپارێزین و دەستبەرداری نابین، بەر بەوانەش دەگرین كە دەیانەوێت بە سودوەرگرتن لە ناكۆكییە ناوخۆییەكان خافڵگیرانە پەلاماری وڵاتەكەمان بدەن و گەل و وڵاتەكەمان بە كێشەی لابەلاوە سەرقاڵ بكەن".



PM:08:31:30/07/2022