شاسوار عەبدولواحید رۆژی خۆپیشاندانی دیاریكرد


شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، بێدەنگ دانانیشن و شەممەی داهاتو، 6ی(ئاب/8)ی 2022، خۆپیشاندانی سەرتاسەری لەهەرێمی كوردستان ئەنجام دەدەن.

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەیامێكدا رایگەیاند "ئیتر بەسە قبوڵكردنی زوڵم و ناحەقی و بێدەنگی و بێهەڵوێستی لەبەرامبەر دەسەڵاتێك كە بێباك و خەمساردە بەرامبەر مافە سەرەتاییەكانی هاوڵاتیان."

ناوبراو وتی "ئەم دەسەڵاتە بێباكانە درێژە بە چەوساندنەوەی هاوڵاتیان هەرێم دەدات بەبێ بوونی هیچ چاودێرییەك، قەیرانەكان بە جۆرێك زۆرن كە ناژمێردرێن هەر لە دواكەوتنی موچە و راگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و نەبوونی هەلیكار و دامەزراندن بۆ دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان و ئامادەییە پیشەییەكان".

هەروەها دەڵێت، "جگە لەوەی ئەم دەسەڵاتە بە نایاسایی باج و سەرانە لە هاوڵاتیان فەرمانبەران و كاسبكاران و دوكانداران دەسەنێت و جگە لە گرانی نرخی سوتەمەنی نرخی كاڵاو شمەكاكان لە بەرزترین ئاستی دایە لەماوەی ٢٠ ساڵی رابردوویدا سەرەڕای ئەوەی نرخی نەوت لە بەرزترین ئاستدایە لە جیهان و داهاتی نانەوتی زیادی كردووە و پارە لە بەغداوە دێت، بەڵام هیچكام لەمانە نەبوونەتە هۆی هەرزانی و چارەسەركردنی كێشەكان."

شاسوار عەبدولواحید، هێزێكی ئۆپۆزسیۆنە، خاوەنی چوار كورسییە لە پەرلەمانی كوردستان و نۆ كورسیشی لە پەرلەمانی عێراقدا هەیە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە ئەوان بە بەرپرسیاریەتییەکی مێژووی دەزانن کە داوای خۆپیشاندان و هەڵوێستی مەدەنی سەرتاسەری بکەن و هەموو توانایەکیان بخەنە گەڕ بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵات و هاوڕا و پشتیوانی سەرجەم ئەو هاوڵاتیانە دەبن کە دەیانەوێت سنور بۆ ئەم دەسەڵاتە دابنێن.

دەشڵێت، "رۆژی شەممەی داهاتوو گەورەترین خۆپیشاندان و ڕاچڵەکاندن لە هەرێمی کوردستان بەرپا دەبێت و چیتر نابێت هاوڵاتیانی هەرێم لەماڵەوە بن و بێ دەنگ و بێهەڵوێست بن بەرامبەر بەو هەموو ناهەقییە."

باسی لەوەشکردووە، پێویستە هەموو هێزە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان لەپێناو چەندین داواکاری گشتیدا جاڕی راپەڕێنێکی سەرتاسەری لێ بدەن و چاوەڕێی بەدەمەوە هاتنی هێزەکانی ئۆپۆزیۆن و رەوەندی کوردی و ئەوانەی بەشیک نین لەم دەسەڵاتە گەندەڵەبن.
دەشڵێت، "ئێمە هیچ بەرژەوەندیییەکی تاکەکەسیمان نییە و پێویستە هەمووان لەسەر شەقام بن بۆ مافی خۆیان و وادەی هەڵبژاردنە گشتییەکان ئاشکرا بکات و باجە نایاساییەکان لاببات و پێدانی موچە لە هەموو ٢٥ی مانگێک و گێڕانەوەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست و خۆبەخشەکان ودۆزینەوەی هەلی کار بۆ گەنجان و دابەزاندی نرخی سوتەمنی و کۆنترۆڵکردنی نرخی شتومەکەکان دەست بەجێ جێبەجێ بکات."

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە خۆپیشاندانەکان بۆ ناوەندی بڕیارە گرنگەکان بێت لە شار و شارۆچکەکان و لە چەند رۆژی داهاتوودا شوێنەکان رادەگەیەندرێت.

دەشڵێت، "پەیامێک دەدەینە دەسەڵات کە ئێمە گەلێکی خەوت و بێهەڵوێست نین و دەسەڵات ڕابچڵەکێت و بترسێت."



PM:08:04:31/07/2022