"مەترسی دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە عێراق هەیە"



سەرچاوەیەك لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "بەهۆی ئەو دۆخەی كە ئێستا لە عێراقدا دروستبووە و لایەنگرانی سەدر دەستیان بەسەر دامەزراوەكانی دەوڵەتدا گرتووە، مەترسی دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی هەیە".

سەرچاوەیەكی بەرپرس لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە (سپی) راگەیاند "دەستبەسەردا گرتنی دامەزراوەكانی دەوڵەت لەلایەن لایەنگرانی موقتەدا سەدر مەترسی پێكدادانی ناوخۆیی شیعەكانی دروستكردووە، چونكە ئەگەر ئەوان هەر بەم شێوەیە بەردەوام بن، لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگیش بێدەنگ نابن و دێنە سەر شەقام، دواجار بەدور نازانرێت پێكدادانی چەكداری لێبكەوێتەوە و ببێتە دروستبوونی شەڕی ناوخۆ".

سەبارەت بە هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەنێوان سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی و نێوەندگیری ئێران، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكرد "تائێستا هیوای گفتوگۆ ماوە و ئێرانییەكان و دەوڵەتانی دیكە بەردەوام لەسەر هێڵن بۆ چارەسەری كێشەی شیعەكان، بەڵام ئەگەر هەر نەگەنە رێككەوتن، ئەو كاتە مەترسییەكانی شەڕی ناوخۆ زیاتر دەبن".
  
چەند رۆژێكە لایەنگرانی سەدر دژی كاندیدكردنی محەمەد شیاع سودانی، كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستیان بە خۆپیشاندان كردووە و بینای پەرلەمانی عێراقیان دەستبەسەردا گرتووە.



PM:09:08:31/07/2022