مستەفا کازمی فەرمانێک بە هێزە چەکدارەکان دەکات

ئەمڕۆ دوو شيممە، مستەفا کازمی، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانێکی ئاڕاستەی هێزە ئەمنییەکان کرد و داوا دەکات، بەهیچ شێوەیەک چەک لە دژی خۆپیشاندەران بەکارنەهێنن

هەر ئەمڕۆ جگە لە خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەدری، بڕیارە لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگیش لە بەغدا خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، ئەوەش مەترسیی دروستبوونی پشێویی ئەمنی لێکەوتووەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە فەرمانێکدا کە ئاڕاستەی هێزە ئەمنییەکانی کردووە، دەڵێت، "بەکارهێنانی چەک و تەقەکردن لە خۆپیشاندەران قەدەغەیە."  

کازمی دەشڵیت "پێویستە هێزە ئەمنییەکان فەرماندە و ئەندامەکانیان ئاگادار بکەنەوە کە گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندانەکان بپارێزن بەبێ بەکارهێنانی چەک و توندوتیژی."  

مستەفا کازمی داواشی کردووە، هێزە ئەمنییەکان خاڵی پشکنین دابنێن بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت ، پێویستە دان بەخۆتاندا بگرن و ئارام بن و مامەڵەیەکی پیشەییانە و مرۆڤدۆستانە بکەن.




AM:10:44:01/08/2022