حكومەتی عێراق یەكەم بڕیاری بۆ هێزەكانی پاسەوانی سنور دەركرد



حكومەتی عێراق بڕیاریدا ٣٠ ملیار دینار بۆ پتەوكردنی سنورەكانی نێوان عێراق و توركیا تەرخان بكرێت بۆ دروستكردنی بنكەی سەربازی و كەرەستەی سەربازی پێویست.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی كۆبوەوە و بۆ باسكردن لە دۆخی وڵات و هەوڵەكان بۆ جێگیركردنی رەوشی ئەمنی لەرێگەی گفتوگۆیی سیاسییەوە، لەكۆبونەوەكەدا جەختكرایەوە كە دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك وەزیران پشتیوانی فراوانی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بەدەستهێناوە.

هەر بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، راپۆرتی لیژنەی بەدواداچون بۆ دۆخی سنوری عێراق- توركیا خرایەڕوو و لەسەر ئەو راپۆرتەش بڕیاردرا ٣٠ ملیار دینار بۆ پتەوكردنی سنور دەربكرێت، لەوەش ٢٠ ملیار دینار بۆ دروستكردنی بنكە و ١٠ ملیار دیناریش بۆ كەرەستەی هێزەكانی پاسەوانی سنور تەرخان بكرێت، هەروەها وەزارەتی دارایی ٤٢ ملیار دینار بۆ هێزەكانی پاسەوانی سنور تەرخان دەكات بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانیان.
 
لەراگەیەنراوی كۆبونەوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕو، بڕیاردراوە بە تەرخانكردنی بودجەیەك لەسەر داهاتی پترۆدۆلار و داهاتی ناوخۆی بەسڕە، بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی پاڵەوانییەتی جامی كەنداو - ٢٥، هەروەها بڕیاردرا رێكارەكانی یاساییەكان بۆ دابەشكردنی ٥٨٠٠٨ پارچە زەوی بەسەر هاوڵاتیاندا تەواو بكرێن.

دوو هەفتە لەمەوبەر سوپای توركیا تۆپبارانی سنوری سەیرانگای پەرەخی لە ئیدارەی  زاخۆ كرد و بەو هۆیەشەوە ١٠ گەشتیاری عەرەب كوژران و نزیكەی ٢٥ی دیكەش برینداربوون. 



PM:09:12:02/08/2022