لە سنووری تەكیە و شۆڕش و چەمچەماڵ و خان و
سەنگاو، دیاردەی لێكردنەوە و بردنی ئاسنی تاوەرەكانی گواستنەوەی وزەی كارەبا سەری
هەڵداوە، ئەوەش مەترسی بۆ سەر كارەبای سلێمانی و گەرمیان دروستکردووە.
ئەمڕۆ چوار شەممە ٣ی ئابی ٢٠٢٢، بەڕێوەبەری گواستنەوەی
وزەی كارەبای سلێمانی رایگەیاند "ماوەیەكە دووبارە لە سنووری تەكیە و شۆرش و
چەمچەماڵ و خان و سەنگاو، دیاردەی لێكردنەوە و بردنی ئاسنی تاوەرەكانی گواستنەوەی
وزەی كارەبا سەری هەڵداوەتەوە".
لە سنوری ناحیەی تەكیە بە فیشەك فنجانی تاوەرەكان
شكێنراوە و تەلەكانیش بریندار كراون، بەهۆیەوە مەترسی كەوتنی هێڵەكان هەیە كە كارەبا
لە وێستگەی غازی چەمچەماڵ بۆ گەرمیان و سلێمانی دەگوازێتەوە، بەكەوتنی ئەو هێڵانە
شاری سلێمانی و گەرمیان بێ كارەبا دەبن.
ئەندازیار سامان ئیسماعیل داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان
دەكات بە جدی كار بۆ بنەبڕكردنی ئەو دیاردەیە بكەن كە مەترسی جدیی بۆ سەر تاوەرەكانی
كارەبا دروست كردووە.