نوێنەری زیندانیانی بادینان: رێگری لە خوێندنی زیندانیانی بادینان كرا و خەڵاتی تیرۆریستێك كرا


نوێنەری زیندانیانی بادینان رایدەگەیەنێت، رێگری لە خوێندنی زیندانیانی بادینان كرا، بەڵام خەڵاتی تیرۆریستێك كرا و دەڵێت "بۆچی وەزیر سەردانی بكوژی مامۆستا هۆشیار دەكات، بەڵام ئامادە نییە چاوی بە زیندانیانی بادینان بكەوێت".

ئەیهان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان رایگەیاندووە "پێم سەیرە كاتێك دەزگا ئەمنیەكانی پارتی رێگرییان لە خوێندنی زیندانیانی بادینان كرد و بەناوی چاكسازی فشاریان لە زانكۆ كرد بۆچی هەڵوێستان نەبوو، بەڵام خوێندن بۆ تیرۆریستێك دەخەنە چوارچێوەی  چاكسازیكردنی تاوانبار".

هەروەها دەڵێت "دەزانین یەكلاییكردنەوەی دۆسیەكان كاری دەسەڵاتی دادوەرییە، بەڵام هەر بەپێی ئەو پرەنسیپی مافی مرۆڤەی باسی دەكەن چما تا ئێستا ناتوانن سەردانی زیندانیانی بادینان بكەن؟!".

ئەیهان وتویەتی "لەم سەری دونیا تا ئەو سەر، گشت لایەك بە حزبی جەنابی وەزیریشەوە دەڵێن؛ رۆژنامەنوس و زیندانیانی بادینان بە نایاسایی و نا دیموكراسی سزادراون، ئێستاش ماوەی سزاكەیان تەواو بووە و رێگری لە ئازادكردنیان دەكرێت، بۆچی وەزیر سەردانی بكوژی مامۆستا هۆشیار دەكات، بەڵام ئامادە نییە چاوی بە زیندانیانی بادینان بكەوێت لە كاتێكدا هەڵسوڕاوی حزبی خۆی تێدان و ئێستا لە مانگرتندان و دۆخی تەندروستیان زۆر خراپە".

دوێنێ لە بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی هەولێر مەراسیم بۆ خەڵاتكردنی دوو سزادراو سازكراوە كە بڕوانامەی بەكالۆریۆسیان بەدەستهێناوە و یەكێكیان بەتاوانی بەشداربوون لە كوشتنی د.وشیار ئیسماعیل لە چەند ساڵی رابردوودا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، ئەو خەڵاتكردنەش نیگەرانی زۆری كەسوكاری د.وشیار و یەكگرتووی ئیسلامی لێكەوتۆتەوە.



PM:08:10:03/08/2022