شاسوار عەبدولواحید: رۆژی شەممە موفاجەئەی گەورە روودەدات


سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت "رۆژی شەممە تەنها هاوڵاتیان بێنە سەر شەقام و دەسەڵات بتۆقێنن بەسە و پێویست ناكات نە شەڕ بكەن و نە هوتاف بكێشن، ئەوكات بزانن دەسەڵات حسابتان بۆ دەكات یاخود نا، رۆژی شەممە موفاجەئەیەكی گەورە روودەدات."

شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بەرنامەی تاوتوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند "خۆپیشاندانەكەی رۆژی شەممە خۆپیشاندانی هاوڵاتیانە و هی نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحید نییە و رۆژی شەممە خۆپیشاندانێكی هێمنانە دەبێت و موفاجەئەی گەورە روودەدات".

سەبارەت بە دانانی كاتی خۆپیشاندانەكەش، ناوبراو روونیكردەوە "نەوەی نوێ یەكەمجار نییە خۆپیشاندان ئەنجام دەدات و لەمانگی دووی ٢٠٢٠دا خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و لە مانگی هەشتی هەمان ساڵدا دوو جاری دیكە خۆپیشاندانیان ئەنجامدایەوە و هیچ پەیوەندییەكی بە بەغداوە نەبووە و دەسەڵات لە ئێستا زۆر بێ باكە و بێڕێزی بەرامبەر بە هاوڵاتیان دەكات بەهۆی ئەوەی لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا خۆپیشاندان ئەنجام نەدراوە".

هەروەها دەڵێت، "رۆژی شەممە تەنها هاوڵاتیان بێنە سەر شەقام و دەسەڵات بتۆقێنن بەسە و پێویست ناكات نە شەڕ بكەن و نە هوتاف بكێشن، ئەوكات بزانن دەسەڵات حسابتان بۆ دەكات یاخود نا."

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوی نوێ ئاماژەی بەوەشكرد، "پێویستە خەڵك بێدەنگ نەبێت و لە هەموو ناوچەكانی هەرێم بێنە سەر شەقام و خۆپیشاندانێكی هێمنانەیە ئەنجام بدەن و سنورێك بۆ دەسەڵات دابنێن چونكە دەسەڵاتدارانی هەرێم هەڵبژاردن ئەنجام نادەن."

شاسوار عەبدولواحید دەشڵێت، "رۆژی شەممە رۆژی یەكلاكردنەوەیە و هێزە ئەمنییەكان كە دەبوایە موچەكانیان دوو ئەوەنەی ئێستایان بوایە كە یەكێتی و پارتی نیوەی دەدزن وەرنە سەر شەقام و لەگەڵ خەڵكدا بن لە خۆپیشاندانێكی هێمنانەدا."



PM:10:42:03/08/2022