"لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا داهاتی گومرگ گەیشتوەتە ٨٤٨ ملیار دینار"

وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا داهاتی گومرگ گەیشتوەتە (٨٤٨) ملیار دینار". 

بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی (٢٠١٦) داهاتی گومرگ (٠.٥٦٣) تریلیۆن دینار بووە، لە ساڵی (٢٠١٧) بووە بە (٠.٧٤٦) تریلیۆن دینار و لە ساڵی (٢٠١٨) زیادی کردووە بۆ (٠.٩٥٦) تریلیۆن دینار و لە ساڵی (٢٠١٩) بڕەکە بووە بە  (١.٥٦٦) تریلیۆن دینار و لە ساڵی (٢٠٢٠) بڕەکە بووە بە (١.٤٠٨) تریلیۆن دینار و لە ساڵی (٢٠٢١) بۆ (١.٦٩١) تریلیۆن دینار زیادی کردووە و لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (٢٠٢٢)یش داهاتی گومرگی هەرێمی کوردستان (٠.٨٤٨) تریلیۆن دینار بووە.

دارایی هەرێم هۆکارەکانی زیادبوونی داهاتی گومرکی بۆ چەند خاڵێک گەڕاندووەتەوە کە ئەوانیش:

•  ئازادکردنی کاری بازرگانی و تڕانزێت.

•  نەهێشتنی قۆرخکاری.

•  بەئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی گومرگ لە دەروازە و فڕۆکەخانەکان.

•  کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری گومرگ.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" سەبارەت بە زیادبوونی داهاتی باجیش کە هیچ گۆڕانکاریەک لە بڕەکەی دا نەکراوە، بەڵام لە ساڵانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی باج بەشێوەیەکی بەرچاو زیادبوونی بەخۆیەوە بینیووە ئەوەش بەهۆی رێکخستنەوەی باج و پابەند کردنی کۆمپانیا گەورەکان بە پێدانی باج". 

هەر بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، لە ساڵی (٢٠١٦) دا داهاتی باج (١٧٩) ملیار دینار بووە، لە ساڵی (٢٠١٧) دا ئەو بڕە بۆ (٢٠٦.٦) ملیار دینار و لە ساڵی (٢٠١٨) بۆ (٣٠٨.٥) ملیار دینار و لە ساڵی (٢٠١٩) دا بۆ (٦٢٧.٤) ملیار دینار زیادی کردووە، بەڵام لە ساڵی (٢٠٢٠) بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بڕەکەی بۆ (٥٧٨) ملیار دینار کەمبووەتەوە و لە ساڵی (٢٠٢١) یشدا بووە بە (٧٩٦.٢) ملیار دینار و تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (٢٠٢٢) یش (٤١٨.٨) ملیار دینار داهاتی باج لە هەرێمی کوردستان کۆکراوەتەوە.

هەروەها وەزارەتی دارایی هەرێم زیادبوونی داهاتی باج بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنێتەوە لەوانەش:

•  هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونە نایاساییەکان.

•  میکانیزمی نوێ بۆ رێگری کردن لە پێدانی باج.

•  دەرکردنی رێنمایی و دیاریکردنی سزا.

•  جێبەجێکردنی یاسای باج وەك خۆی.


PM:04:08:05/08/2022