نرخی نەشتەرگەرییەکان لە نەخۆشخانە تایبەتەکان دیاری دەکرێت

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەچەند قۆناغێك نرخی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە تایبەتەكان دیاری دەكرێت.

 

د.ڕەهێل فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، "دوای دەستبەكاربوونی كار لەسەر دیاریكردنی نرخەكان كراوە و چەند نموونەیەك ھێنراون لە وڵاتانی دیكە و بە ئامادەبوونی پزیشكانی تایبەتمەند كار لەسەر دیاریكردنی نرخەكان كراوە".

 

وتیشی  "بۆ دیاری كردنی نرخ لە نەخۆشخانە تایبەتەكان دەمانەوێت دادپەروەری ھەبێت لە پشكی دكتۆر و نەخۆشخانە و ئەو كەسانەی بەشدارن، ئێستا لیژنەیەكی بەسەرپەرشتی خۆی و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و سەندیكای پزیشكان پێكهێناوە، دیاریكردنی نرخیش بە قۆناغ جێبەجێ بكرێت".

 

بریكاری وەزیری تەندروستی بۆ میدیایی فەرمی پارتی ئاشكراشی كردووە، كە لە قۆناغی یەكەمدا ڕێژەی پزیشك و نەخۆشخانە دیاری دەكرێت، تا ئێستا زۆر ڕێكنەخراوە بەتایبەتی لە ھەولێر بەداخەوە ھەندێ پزیشك لە نەشتەرگەریەك پشكەكەی ٧٠%ی بەردەكەوێت.

 

هاوكات لە قۆناغەكانی داھاتوو نرخی ھەموو نەشتەرگەریەك دیاری دەكرێت بەپێی كوالێتی ئەو كەلوپەلانەی بەكاردێت، ئەو نەخۆشخانانەی كوالێتیان بەرزە جیا دەكرێنەوە لەگەڵ ئەو نەخۆشخانانەی كوالێتیان نزمە، واتە نرخی نەشتەرگەری لەھەموو نەخۆشخانەیەكی تایبەت وەك یەك نابێت.



PM:07:21:10/08/2022