"سوپای پاسداران لە هەوڵی بەزاندنی سنوری هەرێمە"


كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت "سوپای پاسدارانی ئێران هێزێكی زۆری  بە پاڵپشتی تۆپخانە و چەكی قورس بە مەبەستی زەبروەشاندن لە پێشمەرگەكانی كۆمەڵە كۆكردۆتەوە و  لە هەوڵی بەزاندنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستاندایه".   

ستادی نیزامی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "كاتژمێر 9ی سەرلەبەیانی ئەمرۆ سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی بە كۆكردنەوەی هێزێكی زۆر و بە پاڵپشتی تۆپخانە و چەكی قورس بە مەبەستی زەبروەشاندن لە پێشمەرگەكانی كۆمەڵە لە هەوڵی بەزاندنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستاندایه."   

 هەروەها ئاماژەی بەوەشكردوو " تا كاتژمێر 2ی پاشنیوەرۆی ئەمڕۆ دووجار هەوڵی پێشرەوی هێزی پیادەی سوپای پاسداران لەگەڵ بەرەنگاریی پێشمەرگەكانی كۆمەڵە پووچەڵكراوەتەوە و پاشەكشەیان پێكراوە."   

كۆمەڵەی  زەحمەتكێشانی كوردستان دەڵێت "هەموو هاورێیانی پێشمەرگەی كۆمەڵە سەڵامەتن و بەوپەری ئامادەیی بەرامبەر بە هێزەكانی سوپای پاسداران وەستاون و بە وردی چاودێری جموجۆڵی ئەو هێزەی رژیم دەكەن."   



  



PM:04:41:14/08/2022