خزمەت: ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیمان سەرپشك كردوە دەنگ بە كێ دەدەن

‌سلێمانی
ئیسلامییەكانی سلێمانی كە بە لیستی خزمەت ناسراوە لە یەكگرتوو و كۆمەڵ پێكهاتووە تا ئێستا رایان وایە كە سبەینێ پرسی پارێزگا یەكلایی بكەنەوە‌و بۆ ئەمەش ئەندامەكانی خۆیان سەرپشك كردوە دەنگ بە كێ بدەن.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بەسپی میدیای راگەیاند: سبەینێ یەكشەممە 10ی ئاب، وەك بەڵێنمان داوە پرسی سەرۆكی ئەنجومەن‌و  پارێزگاری سلێمانی یەكلایی دەكەینەوە.

ئەو سەرچاوەیە وتی وەك پێشترش رامانگەیاندوە، كە لەم كۆبوونەوەیەدا پرسی پارێزگاری سلێمانی یەكلایی دەكەینەوە‌و برادەرانی خۆمان سەرپشك كردوە ئازادن دەنگ بە كێ دەدەن.

ئەمە لەكاتێكدایە كە لەكاتی ئامادەكردنی ئەم هەواڵە، پارتی و لیستی خزمەت لەسەر هەمان بابەت لەكۆبوونەوەدان.

پێشنیوەرۆی ئەمرۆش هێرۆ ئیبراهیم بۆ هەمان پرس سەردانی رێكخەری گشتی گۆڕان كردبوو و داوای كردبوو كە یەكلایی كردنەوەی ئەم پرسە لەم هەلومەرجە سیاسییەدا دوابخرێت.

دواتر نەوشیروان مستەفا رایگەیاندبوو كە ئەو بۆ یەكلایی كردنەوەی ئەو پرسە لیژنەی دانوستانكاری گۆڕان سەرپشك كراوە.

لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، گۆڕان 12 كورسی، یەكێتی 11 كورسی، لیستی خزمەت (یەكگرتوو و كۆمەڵ) 4 كورسی، كۆتای مەسحییەكان 1 كورسی.



PM:06:36:09/08/2014