مووچەی و دەرماڵەی ئەم خولەی پەرلەمانتارانی عێراق ئاشكرابوو


بەرپرسێكی عێراق ڕایدەگەیەنێت، مووچە و دەرماڵەی مانگێكی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق 19 ملیار دینارە.   

فەرهاد عەلائەدین، سەرۆكی ئەنجومەنی ڕاوێژكاری عێراق لە تویتێكدا  رایگەیاندووە "دوای 32 هەفتە لە سوێندخواردن و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەكەی، دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق ڕاگیراوە و بیناكەی داخراوە."   

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردووە، " ئەندامانی پەرلەمان مانگانە 19 ملیار دینار مووچە و دەرماڵە وەردەگرن و هیچ كارێكیش ناكەن، كۆی خەرجیی ئەم خولەی پەرلەمان تائێستا 133 ملیار دینارە و بەرهەمەكەیان تەنها دوو یاسایە."   

پەرلەمانی عێراق 329 ئەندامی هەیە، لە 10ی مانگی 10ی ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامدرا، بەڵام بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنەكانەوە نەتوانراوە سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران  هەڵبژێردرێت، ئێستاش رەوتی سەدر كە هێزی یەكەمە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكاتەوە و زۆربەی لایەنەكانیش بەشێوازی جیاواز، پشتگیری لە داواكەی سەدر دەكەن.



PM:04:48:18/08/2022