ئاسایشی سلێمانی: پێنج بازرگان و دەڵاڵ لەسەر فرۆشتنی نایاسایی زەوی دەستگیركراون


ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیەنێت "پێنج بازرگان و دەڵاڵ لەسەر فرۆشتنی نایاسایی زەوی دەستگیركراون، هەروەها دەیان لێپرسراو و فەرمانبەری دامەزراوە كارگێڕییەكان و چەندین كەسیش كە وەك بریكار و دەڵاڵی زەوی و زار مامەڵەی نایاساییان راییكردووە، لەلایەن دادگاوە بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە".

ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندوە "بەبڕیاری دادوەر پێنج بازرگان و دەڵاڵ كە بەڕێكاری نایاسایی مامەڵەیان بە زەوی و زار و موڵكی گشتییەوە كردووە دەستگیركراون، دەیان لێپرسراو و فەرمانبەری دامەزراوە كارگێڕییەكان و چەندین كەسیش كە وەك بریكار و دەڵاڵی زەوی و زار مامەڵەی نایاساییان راییكردووە، لەلایەن دادگاوە بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە و لەلایەن ھێزەكانمان رێوشوێنی پێویستی بۆ وەرگیراوە و دەستگیركردنیان چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە".

ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە "لەچەند رۆژی داھاتووشدا بەردەوام دەبین لەدەستگیركردنی ھەموو ئەوانەی لەسەر بەرژەوەندی گشتی و مافی خەڵك پۆستەكانیان بۆ كاری نایاسایی قۆستووەتەوە".

هەروەها دەڵێن "‎بۆ ھەموو لایەكیشی روون دەكەینەوە ئەو ‎كەسانەی بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە پۆست و دەسەڵاتی خۆیان لە فەرمانگە حكومییەكان بۆ كاری نایاسایی و دوور لە رێنماییەكان و رەوشتی بەرزی فەرمانبەری بەكارهێناوە. لەبەرامبەر رەشوە مامەڵەی خەڵكی تریان تێپەڕاندووە و چەندین دۆسیەی زەوی و زار و موڵكی گشتییان لەدەرەوەی یاسا بەركارەكانی ھەرێم داگیركردووە، بەكرێگیراوبوون و لەبەرامبەر بڕە پارەیەكدا ئەو كارانەیان ئەنجامداوە".





PM:03:57:19/08/2022