زانیاری نوێ سەبارەت بەو نەخۆشەی دەوترێت لە نەخۆشخانە "دەركراوە"


دەستەی مافی مرۆڤ رایدەگەیەنێت، بەدواداچوونیان بۆ دۆخی مرۆیی نەخۆشێكی دەروونی كردووە كە كە گوایە لەنەخۆشخانەی شار لە سلێمانی دەركراوەتە دەرەوە و دەڵێت "ئەو كەسە تائێستاش لە ژێر چاودێری پزیشكدایە".

دەقی راگەیەنراوەكە.. .

لە دوای بڵاوبوونەوەی ڕیپۆرتاجێك لە كەناڵیكی ڕاگەیاندن لە 2022/8/19 دەربارەی دەركردنی هاووڵاتیەكی بەساڵاچوی بە ڕەگەز عەرەب لە نەخۆشخانەی (شار) لە سلێمانی، نووسینگەی مافی مرۆڤ لە سلێمانی ڕاسپێردراو دەستی بە بەدواداچوون و چاودێری كرد بۆ دۆخی مرۆیی ئەو كەسە و گەیشتینە چەند ئەنجامێك: 

یەكەم: ئەو كەسە بە ڕەگەز عەرەبە و خەڵكی پارێزگای ئەنبارە، بە وتەی بەرپرسانی نەخۆشخانەی شار ڕۆژی 18ی ئاب پۆلیسی سلێمانی لە گەڕەكی (چوارچرا)وە هێناویانە بۆ نەخۆشخانەكە و پۆلیس وتوویانە لەلایەن كەسوكاریەوە فڕێدراوە و باری دەروونی ناجێگیرە و قسە ناكات و هیچ ناسنامەیەكی پێ نییە.

دووەم: بە ووتەی ئیدارەی نەخۆشخانە و لێپرسراوی ڕیسێپشنی نەخۆشخانەی شار ئەو هاوڵاتیە فڕێ نەدراوەتە دەرەوەی نەخۆشخانەكە وەك ئەو كەناڵە باسی كردووە، بەڵكو هێنراوەتە بەردەم نەخۆشخانە و یەكسەر فریاگوزاری تەندروستی بۆ كراوە و خواردنی پێدراوە و خراوەتە ژێر چاودێری چڕی تەندروستیەوە و دۆخی بەرەو باشترە. 

سێیەم: لە دوای بەدواداچوونی زیاترمان بۆ ئەم بابەتە پێیان ڕاگەیاندین كە ناكرێت ئەم هاوڵاتیە لە نەخۆشخانە بهێڵرێتەوە، چونكە لە دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست دەبێت یان كەسوكاری بێن بیبەنەوە ماڵیان یان لە خانەی بەساڵاچوان دابنرێت.

چوارەم: ئێمە بەدواداچوونمان بەردەوامە و لە دوای پەیوەندی كردنمان بە بەرپرسی كارگێڕی نەخۆشخانەوە نوێنەری نووسینگەمان ناردووە بۆ سەردانی نەخۆشەكە و وەرگرتنی زانیاری زیاتر ، بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ شەممە بە نوێنەرایەتی نووسینگەی سلێمانی (مصگفی محمود) فەرمانبەر لە هۆبەی یاساو سكاڵا سەردانی نەخۆشخانەی شاری كرد بە مەبەستی بەدواداچونی زیاتر بۆ زانینی دوا بارودۆخی ئەو نەخۆشە كە ناوی (عاید عبد الگزاز اللامی)یە و لە نزیكەوە خۆی قسەی لەگەڵدا كردووە و وتوویەتی هیچ كەسێكی نیە. هەروەهە لەگەڵ بەرپرسانی نەخۆشخانە قسەی كردووە و پێیان ڕاگەیاندووە كە ئەم كەسە گرفتی دەروونی هەیە و بێلانە و بێ كەسە و لەژێر چاودێری پزیشكیە و چارەسەر وەردەگرێت، لە ئێستادا قسەمان لەگەڵ بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچوانی سلێمانی كردووە بۆ ئەوەی كاتێك دۆخی تەندروستی باش بێت هەوڵبدرێت لەوێ ودابنرێت و چاودێری بكرێت.
بۆیە لەئێستادا ناوبراو لەژێر چاودێری تەندروستیدایە و هەر كاتێك باشتربو دەبرێتە خانەی بەساڵاچوان.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ 



PM:07:26:20/08/2022