سەركردەیەكی "دوورخراوە"ی یەكێتی رەخنەی توند لەكۆبوونەوەی سەركردایەتی دەگرێت


سەركردەیەكی "دوورخراوە"ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "جارێكی تر بە ناشەرعی درێژە بە ئاڵوگۆڕ و تەخشان و پەخشانی پلە و پۆست درایەوە".

ژینۆ محەمەد، ئەندامی دوورخراوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رەخنەی توندی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی حیزبەكەی گرت و رایگەیاندوە "نە سەرۆكایەتی و نە حزب بەڕێوەبردن بە فێڵكردن لە كادر و خەڵكی دڵسۆزی یەكێتی ناكرێت، پێویست بوو لە بەلاغەكە بە یەكێتیەكان بڵێن چەند دەنگ پێویست بوو بۆ گۆڕانكاری لە پەیڕەو وە چەند ئەندام ئامادە بوون و چەند دەنگی پێ دراوە  و ئەو ژمارە دەنگە شەرعیەتی گۆڕانگاریان هەیە؟ جارێكی تر بە ناشەرعی درێژە بە ئاڵوگۆڕ و تەخشان و پەخشانی پلە و پۆست درایەوە".

ژینۆ محەمەد بە سەركردەیەكی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی دادەنرێت كە لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزی ساڵی رابردووەوە هەر لە بەرەی لاهور شێخ جەنگی مایەوە و دواتریش لەگەڵ چەند سەركردەیەكی دیكە لە ریزەكانی یەكێتی دوورخرانەوە.

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی یەكێتیدا بە كۆی دەنگی ئامادەبووان كە 89 ئەندام بوون بافڵ تاڵەبانی بە فەرمی وەك سەرۆكی یەكێتی ناسێنرا و راسپاردەكانی دیداری یەكێتی پەسەندكران.



PM:11:13:28/08/2022