وەزیرەکەی سەدر داوای لە سەرجەم هێزەکانی حەشدی
شەعبی بە هەموو لایەنەکانییەوە لە ناوچەی سەوزی بەغدا کرد کە بکشێنەوە و هێزە ئەمنییەکان
کاروباری ئەوێ بگرنەئەستۆ.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٣٠ ئابی ٢٠٢٢، محەمەد ساڵح عێراقی وەزیرەکەی موقتەدا سەدر لە کۆنگرەیەکی
ڕۆژنامەوانیدا داوای لێبوردنی لە گەلی عێراق کرد و جەختیکردەوە کە پێویستە خۆپیشاندەران
و چەکدارەکانی سەرایا سەلام لە ماوەی ٦٠خولەکدا ناوچەی سەوزی بەغدا و خۆپیشاندانەکان
چۆڵ بکەن.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش پەیامێکی
ئاڕاستەی موقتەدا سەدر کرد و ڕایگەیاند، "بانگەوازی سەدر بۆ ڕاگرتنی توندوتیژی
گوزارشت لە بەرزترین ئاستی نیشتمانپەروەری دەکات".
هاوکات فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق
بڕیاری دا بە هەڵگرتنی قەدەغەی ھاتووچۆ لە بەغدا و پارێزگاکانی تر.