دادگای کەتنی هەولێر لەبارەی زیندانیکراوانی بادینان بڕیاردەدات

ئەندامی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان ئاشکرایکرد، دادگای کەتنی هەولێر بڕیاری خۆی سەبارەت بە ئازادکردنی بە مەرجی پێنج لە سزادراوانی بادینان دا و لە بڕیارەکەدا هاتوە، ئازادکردنی بە مەرج ئەو سزادراوانە ناگرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە بەشدار حەسەن ئەندامی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،"دادوەری دادگای کەتنی هەولێر بڕیاری کۆتایی سەبارەت  ئازادکردنی بە مەرجی هەریەک لە (کۆڤان تارق، ئەمجەد یوسف، نێچیرڤان بەدیع، یوسف شەریف، مەحمەد ناجی)دا کە بەگوێرەی بڕیارەکە ئەو سزادراوانە ئازادکردنی مەرجدار نایانگرێتەوە".

ناوبراو دەشڵێت هەریەک لە (شیروان شیروانی، مەلا شڤان، هاریوان عیسا، گوهدار زێباری و ئەیاز کەرەم) داواکاریەکیان لە ڕێگەی چاکسازی گەورانی هەولێرەوە ئاڕاستەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کردوە بە مەبەستی گواستنەوەیان لە چاکسازی گەورانی هەولێرەوە بۆ چاکسازی گەورانی سلێمانی.

ئەو پارێزەوە وتیشی،"گواستنەوەی ئەو سزادراوانە بۆ چاکسازی گەورانی سلێمانی بە مانای ئەوە نییە کە ئەو سزادراوەنە بێبەشبن لە ڕێکارەکانی ئازادبونی مەرجدار، لە ئەگەری گواستنەوەیاندا بۆ سلێمانی ئەوا ئەوکاتە وەک تیمی پارێزەران لە سلێمانییەوە ڕێکارەکانی ئازادبونی بە مەرجیان جێبەجێدەکەین".

دەشڵێت "(شیروان شیروانی، مەلا شڤان، هاریوان عیسا، گوهدار زێباری و ئەیاز کەرەم) مانیان لە خواردن گرتوە و بەو هۆیەش بارودۆخی تەندروستیان ناجێگیرە و لەوپەڕی خراپیدایە".

بەشدار حەسەن وتی "ئەو بڕیارەی دادگەی کەتنی دەشتی هەولێر و داواکاری گشتی دور و نزیک بەیوەندی بە ڕێکارەکانی ئازادکردنی بەمەرجەوە نییە ئەو ماددەیەی کە سزادراوانی لەسەر گیراون ماددەی یەک لە یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ی پەرلەمانی کوردستان پێویستە دادگای پێداچونەوە، پێداچونەوە بەو بڕیارە هەڵەیەی دادگەی کەتننی هەولێردا بکا".

 



PM:04:56:31/08/2022