لە شەقامێکی هەولێر تەقە لە پزیشکێک و هاوسەرەکەی دەکرێت

د. لوقمان نانەکەلی ڕایدەگەیەنێت" شەوی رابردوو لە ئۆتۆمبێلێکەوە سێ کەس هاتونەتە دەرەوە و تەقەیان بە ئاراستەی ئەوان کردووە". 

د. لوقمان نانەکەلی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند" شەوی رابردوو لە کاتێکدا لەگەڵ هاوسەرەکەی وەک وەرزش بەپێی لەسەر شۆستەی شەقامی (٤٠) مەتری رۆیشتوون، لە ئۆتۆمبێلێکەوە سێ کەس هاتونەتە دەرەوە و تەقەیان بە ئاراستەی ئەوان کردووە". 

راشیگەیاندووە" دەستم بۆ کەلەکەم برد و بۆیان چووم، بەڵام هەر سێکیان خۆیان خستە ناو ئۆتۆمبێلەوە رۆیشتن".

ئەو پزیشکە روو لە سەرۆکی حکومەت، وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێریش دەکات و دەڵێت" من نالێم سەدا سەد بۆ من بوو ئەو کردەوە ناشیرینە، بەڵام چۆن دەبێ بەهەوەسیش بیت لە جەرگەی شار کەسانێک تەقە بکەن و مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتی دروست کەن، فەرموون لێکۆلینەوە بکەن بزانن ئەوانە کێن، پیاوکوژن، دزن، سەرخۆشن، ئێوە بریاری قەدەغەی چەکتان داوە". 


PM:03:35:02/09/2022