لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی شەش مانگدا لەلایەن لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و بازرگانی هەرێمەوە دەستبەسەر یەک ملیۆن تەن مادەی بەسەرچودا گیراوە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە ماڵپەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندووە " لیژنەکانی چاودێری ڕۆژانە بە پێی پلانەکانیان سەردانی ناوچە ڕێگەپێدراوەکان دەکەن و لە ڕووی کواڵیتی و بەسەرچوون و کەرستەی بەرهەمهێنانی کاڵاکانەوە چاودێریی بازاڕ و مارکێت و دووکانەکان دەکەن، ئەگەر مادە و کەرەستەیەکی ماوە بەسەرچوو بدۆزرێنەوە، ڕاستەوخۆ دەستی بەسەردا دەگرن و پسوولەی ماوەبەسەرچوون دەدرێتە خاوەنەکانیان".
باس لەوەش دەکات، کەلوپەلەکەشیان دەبرێتە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی تا دواتر لە ڕێگەی لیژنەی تایبەتەوە کە لە نوێنەری قایمقامییەت و بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و ئاسایش پێک دێت، لە شوێنی تایبەت و دیاریکراو بسووتێنرێت یا بکرێتە ژێر خۆڵەوە.
بە پێی ڕێنوێنییەکان، سزای بوونی مادە و کەرەستەی ماوەبەسەرچوو لە ٥٠ هەزار دینارەوە بۆ ٥ ملیۆن دینار دەست پێ دەکات. بەڕێوەبەرایەتییەکان دەسەڵاتی سزادانی تا سێ ملیۆن دینار و داخستنی دووکان و مارکێتەکانیان بۆ ماوەی دوو ڕۆژ هەیە، بەڵام سزای لە سێ ملیۆنەوە بۆ پێنج ملیۆن و داخستنی بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەری گشتییە و لەوە زیاتر لە دەسەڵاتی وەزیر دایە، یا ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
پشکنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٢، لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک و ئیدارەی گەرمیان ٣٨هەزار و ١٠٩ جار سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کردووە و ١هەزار و ٦٥٠ حاڵەتی سەرپێچییان تۆمار کردووە و دەستیان بەسەر ١ ملیۆن و ٨٤ هەزار و ٧٦٤ تۆن کەرەستەی ماوەبەسەرچوودا گرتووە.
لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و سۆران هەیە.
ئاماری سەردانی مەیدانی پشکێنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەم شێوەیەیە:
پارێزگاری هەولێر:
لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ ٩ هەزار و ٧٢٣ جار سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە، ٥٠٧ حاڵەتی سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ١٦٦ هەزار و ٢٢٩ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.
پارێزگاری سلێمانی:
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ١١هەزار و ٥٢٠ جار سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە و٨٥٠ سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ٨٠٤هەزار و ٩٥ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.
پارێزگاری دهۆك:
لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ ٩هەزار و ٦١٥ سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە و ١٥٢ سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ٨٨ هەزار و ٨ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.
ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان:
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ٧ هەزار و ٢٥١ سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە و ١٤١ سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ٢٦ هەزار و ٤٣٢ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.