لێدوانی نوێی پارتی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان


بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، هەمیشە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئامادەیە و ئێستا تەنها لەسەر ئەوە ماوە لایەنەكان لەسەری بگەنە ڕێككەوتن و چاوەڕێ دەكرێت هەڵبژاردن بكەوێتە ساڵی ئایندە.  

نیاز حەمە عەزیز, بەرپرسی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە میدیای فەرمی حزبەكەی ڕاگەیاندووە ''پارتی هەمیشە هەڵوێستی وا بووە هەر هەڵبژاردنێك هاتبێتە پێش بڕوای بە خۆی بووە و ئامادە بووە، ئێستاش لە هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ پەرلەمانی كوردستان پارتی دڵگەرمە هەڵبژاردن بكرێت، بۆیە كە ناكرێت پارتی هۆكار نییە، چونكە سەرۆك بارزانییش باسی لەوە كرد سبەی هەڵبژاردن بكرێت، پارتی ئامادەیە''.  

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە ''ئێستا كارەكە لەسەر ئاستی بەرزی لایەنەكان ماوە بۆ هەڵبژاردن و كاری هیچ دەزگایەكی هەڵبژاردن نەماوە و ئەوان كاری خۆیان كردووە و ئێمەش كاری خۆمان كردووە و ئێستا لەڕووی سیاسییەوە ماوە، چونكە كاری ئێمە تەكنیكییە و بڕیاری سیاسیی پێویستە كە هەڵبژاردن بكرێت، یاخود نا''.  

ئەو بەرپرسەی پارتی وتویەتی "هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یوئێن بەردەوامە و پارتی هیچ دوودڵ نییە و ئێستاش بڕیارە كۆبوونەوەی دیكەی لووتكە بكرێت لە ماوەیەكی نزیكدا، بۆیە كۆبوونەوەكە دەكرێت".  

نیازی جەختیكردۆتەوە "چەند هۆكارێك هەن كە هەڵبژاردن نەكراوە؛ كۆمسیۆن ماوەی بەسەر چووە و یاساكە تێبینیی لەسەرە و هەندێك لایەن دەیانەوێت دەستكاری بكرێت، ئێمە وەكو پارتی لە كۆبوونەوەی لایەنەكان ڕای خۆمان داوە، بۆیە هەركاتێك لایەنەكان بگەنە ڕێككەوتن وادەكە دیاری دەكرێت، بەڵام ئەمساڵ ماوەی كەم ماوە و دەكەوێتە ساڵی داهاتوو، ڕەنگە بەهاری داهاتوو هەڵبژاردن بكرێت، چونكە كۆمسیۆن بە لایەنی كەمی شەش مانگی پێویستە."   




PM:06:13:04/09/2022