پۆلیسى سلێمانى لەسەر رووداوەکەى قەرەداغ ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

کەمێک پێش ئێستا پۆلیسى سلێمانى روونکردنەوەیەکى لەبارەی رووداوی تەقەکردنەکەى بازگەى قەزای قەرەداغ بڵاوکردەوە و دەڵێت" هێزە ئەمیینەكان هەوڵیانداوە لێپێچینەوەی لەگەڵ بكەن، بەڵام رووبەرووی هێزە ئەمنییەكان بووە و هەڵات". 

بەپێى رونکردنەوەیەکى بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، کە دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە، تیایدا هاتووە" ئێوارەی دوێنێ لە قەزای قەرەداغ، لەكاتێكدا كە شۆفێری ماتۆرسكیلێك هەوڵی تێپەڕبوونی بە بازگەیەكی ئاسایشدا دابوو، هێزە ئەمنییەكان هەوڵیانداوە لێپێچینەوەی لەگەڵ بكەن، رووبەرووی هێزە ئەمنییەكان بووە و هەڵات". 
ئاماژەی بەوەشکردووە، شوفێری ماتۆرسكیلەكە چەكدار بووە و رووبەرووی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش بوەتەوە و هەوڵی هەڵاتنی داوە، تۆمەتبارەكە چۆتە یەكێك لە ماڵەكانی قەرەداغ و سەرەڕای گەمارۆدانی لە لایەن هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشەوە، بەڵام رەتیكردۆتەوە خۆی تەسلیمی هێزە ئەمنییەكان بكات و رووبەروویان بۆتەوە.  

هەروەها پۆلیسى سلێمانى لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا ئەوەشی خستەڕوو، لە كاتی رووبەرووبونەوەكانیشدا بە چەند نارنجۆك هێرشیكردۆتە سەر هێزە ئەمنییەكان و بەو هۆیەوە چوار كارمەندی پۆلیس و چوار كارمەندی ئاسایش و هاوڵاتییەك برینداربوون، دوای رووبەرووبوونەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەكان كوژرا.

لە کۆتای ڕاگەیەندراوەکەدا پۆلیسى سلێمانى روونیکردوەتەوە، کە لە ئێستادا سەرجەم بریندارەكان لە نەخۆشخانەن و چاودێری پزیشكی پێویستیان بۆ ئەنجامدراوە.


AM:12:14:05/09/2022