وەزارەتى دارایی هەرێم لەسەر لێخۆشبوونى باجى کۆمپانیاکان ڕوونکردنەوە دەدات

کەمێک پێش ئێستا وەزارەتى دارایی هەرێم لەسەر لێخۆشبوونى باجى کۆمپانیاکان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" سەرجەم کۆمپانیاکان بە یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت". 

لە رونکردنەوەیەکدا وەزارەتى دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە" دوای ئەوەى ڕۆژى چوارشەمەى ڕابردوو ڕێکەوتى ٢٠٢٢/٨/٣١، ئاوات جەناب نورى وەزیرى دارایی و ئابوورى لەگەڵ ژورى بازرگانى سلێمانى کۆبوەوە، دواتر دەنگۆى ئەوە بڵاوکرایەوە کە وەزارەتی دارایی و ئابوری بڕیاری داوە ئەو کۆمپانیایانەی ساڵانێکی زۆرە کار ناکەن و سەردانی باجیان نەکردووە تەنها باجی یەك ساڵیان لێ وەردەگیرێت". 

دەشڵێت" ئێمە لە وەزارەتی دارایی و ئابوری/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان و خانووبەرەی میری سەرلەبەری ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە و لە کۆبوونەوەی جەنابی وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی باجەکان و خانووبەرەی میری هیچ بڕیارێکی لەم جۆرە نەدراوە". 

وەزارەتى دارایی ئاماژەى بەوەشکردووە، هەر بۆیە سەرجەم کۆمپانیاکان بە یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەرکی کۆمپانیاکانە راپۆرتی ساڵانەی خۆیان پێشکەش بکەن، جا کار بکات یاخود نا، لە کاتێکدا باج دەکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیا کەوا چالاکی هەبێت و قازانجی کردبێت، بۆیە دووپاتی دەکەینەوە لەکاتی وەستانی کۆمپانیا پێویستە کۆمپانیا ئەرکی یاسایی خۆی ئەنجامبدات و راپۆرتی دارایی خۆی پێشکەش بکات.


PM:01:06:06/09/2022