گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو بۆ هەڵبژاردن داوایەك دەكەن

بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی دادگەریی و یەكگرتووی ئیسلامی داوا دەكەن لەهەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان ڕۆژی دەنگدانی تایبەت نەمێنێت و ئەو كارمەندانەی بنكەكانی دەنگدان دەپارێزن لەهەمان بنكە لەگەڵ كارمەندانی كۆمسیۆن لەكاتژمێر یەكەمدا دەنگ بدەن.  

ئەمڕۆ مەكتەبی هەڵبژاردنی ئەو سێ لایەنە لە شاری سلێمانی كۆبوونەوە و  بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، جەختیان كردەوە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پرسی دواخستنی هەڵبژاردنیان خستە ئەستۆی لایەنەكانی دەسەڵات و سەرۆكایەتی پەرلەمان.

لەو بارەیەوە د. بێستون حەمەساڵح، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردن و ئاماری كۆمەڵی دادگەری رایگەیاندووە "كۆمەڵ پێداگرە لەسەر هەڵوێستەكانی پێشووی و تەبەنی ئەو پڕۆژانە دەكات كە لە بارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەوە پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە".  

بڕیاربوو رۆژی 1ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لایەنەكانەوە لەو بەروارەدا هەڵبژاردنەكە ناكرێت.



PM:10:13:06/09/2022