بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" بەمەبەستی کارئاسانیکردن بۆ لەمەودوا مووچەی خانەنشیان لە چەند مۆڵێک دابەش دەکرێت و چەندین تیمی تەندروستی لە شوێنی دابەشکردنی مووچەکە دابیندەکرێت".
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی بە میدیای یەکێتی راگەیاند" مووچەی تەواوی خانەنشینان دەکرێتە ئەلیکترۆنی و ھەر مووچەخۆرێک لەھەر شوێنێک بێت دەتوانێت مووچەکەی وەربگرێت".
ئەوەشی خستەڕوو، بەمەبەستی کارئاسانی و رێگریکردن لە دروستبوونی قەرەباڵغی، چەند مۆڵێک بۆ دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دیاریدەکرێت.
باسی لەوەشکردووە، شوێنەکانی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان بە پێی كۆد و ژمارەی ناسنامەی خانەنشینان جیاكراونەتەوە و لە ماوەی شەش رۆژدا پرۆسەكە ئەنجامدەدرێت.
سەرچاوەکە ئاشکراشیکرد، لە رێگەی ١٠ تیمی تەندروستیەوە، سەندیکای کارمەندانی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانییەوە چاودێری خانەنشینان دەکرێت لە کاتی وەرگرتنی مووچەکانیاندا، هەروەها رۆژانە پشکنینی شەکرە و فشاری خوێن و تێستی پێویست بۆ ھەر خانەنشینێک ئەکەن کە پێویستی بێت.