ژمارەیەک لە چەکدارانی داعش کە جلی ژنانیان لەبەرکردبوو تا لە دەست شەڕڤانان هەڵبێن، ڕووبەڕوی هێزەکانی هەسەدە بوونەوە و دوو شەڕڤانیان شەهید کرد.
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" شەوی ڕابردوو لە بەشی پێنجەمی کامپی هۆل لە شەڕی دژی شانەیەکی چەکداری داعش کە جلی ژننانیان لەبەر کردبوو، دوو شەڕڤانمان بە سەختی بریندار بوون و لە ئەنجامدا شەهید بوون".
ئەوەش هاتووە" ئهو چهكدارانهی داعش له دوو ئافرهت و پێنج پیاو پێكهاتبوون و جلی ئافرهتانیان پۆشیبوو، له ههوڵدابوون له كهمپی هۆل رابكهن، دوای رێگریلێكردنیان، تهقهیان له چهكدارانی ههسهده كرد، له ئهنجامدا یهكێك له چهكدارهكانی داعش كوژرا و ئهوانی دیكه دهستگیركران و دوو چەکی AK-47 دەستی بەسەردا گیرا".
لە رۆژی ٢٥ی ئابەوە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بە پشتیوانی هەسەدە هەڵمەتی ئاسایش و مرۆیی دەستپێکردووە، کە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر ناوەندی پەروەردەی فکری لە ناو کامپی هۆڵ تێکدراوە و ژمارەیەکی زۆریش لە چەکدارانی داعش لە کامپەکەدا دەستگیرکراون.
کەمپی هۆل، کەوتووەتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، ٥٦ هەزار و ١٥٤ کەسی تێدایە، کە ٢٩ هەزار و ١٤٢ پەنابەری عێراقی و ١٨ هەزار و ٩٠٣ ئاوارەی سووریا و هەشت هەزار و ١٠٩ ژن و منداڵی چەکدارانی داعشن.