١٦ پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە شاری سلێمانی وەبەردەهێندرێت

بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی ڕایگەیاند "لەسەر فەرمانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ١٦ پرۆژەی نیشتەجێبوون لە سنووری شاری سلێمانی لە ئایندەیەکی نزیکدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".


عەزیز سەعید بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " لە نێوان ئەو ٥٥ پرۆژەیەی کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەی چەند رۆژی رابردوویدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنووری شاری سلێمانی فەرمانی بە جێبەجێکردنیدا، ١٦ دانەیان پرۆژەی نیشتەجێبوونە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، پرۆژەکانی دیکەش سێکتەرەکانی دیکەی وەک پیشەسازی، بازرگانی، كشتوكاڵی، گەشتوگوزاری، پەروەردەیی و تەندروستی دەگرێتەوە ".


ناو  براو وتیسی " لە ئێستادا سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنووری شاری سلێمانی بە هەماهەنگییەکی تەواو کاردەکەن، بۆ ئەوەی رۆتینات بۆ وەبەرهێنەران کەمبکەنەوە و لە زووترین کاتدا پرۆژەکانیان بچنە بواری جێبەجێکردنەوە".


رۆژی یەکشەممەی رابردوو، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنووری شاری سلێمانی کۆبووەوە و جەختیکردەوە، کە دەبێت رۆتین لە فەرمانگەکاندا کەمبکرێتەوە و کارئاسانییەکی تەواو بۆ وەبەرهێنەرانی شارەکە بکرێت، هەروەها دووپاتیکردەوە ئەو بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانەی بە دڵسۆزی کارناکەن با دەستلەکاربکێشنەوە.



PM:12:56:09/09/2022