موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر ئەمڕۆ یەکشەممە
١١ی ئەیلول، پەیامێکی ١٠ خاڵی ئاراستەی لایەنگرانی کرد و دەڵێت "بەهیچ شێوەیەک
نابێت هێرش بکەنە سەر زیارەتکارانی شیعە". هەروەها داوا دەکات حەشدی شەعبی و سەرایا سەلام لە هەر ئەرکێکی ئەمنی دووربخرێنەوە.
دەقی پەیامەکەبەم شێوەیەی خوارەوە هاتووە:
-نابێت بەشداربوان ئاڵای هیچ گروپ و لایەن
و سەربازی هەڵبەگرن.
٢- نابێت وێنەی هیچ کەسایەتییەک بەرزبکەنەوە.
٣- نابێت بەهیچ شێوەیەک زیارەتکاران کفن بپۆشن یان هەر بەرگێک بپۆشن جیایان
بکاتەوە لە زیارەتکارانی دیکە.
٤- جگە لە زیکر و ناوهێنانی خودا و باسی حوسەین نابێت هیچ شتێکی تر بڵێن
و ناوی کەسی دیکە نەهێنن.
٥- پێویستە پابەندی ئارامگرتن و ژیری و رەوشت بەرزی بن و هەرکەسێک لەدەرەوەی
ئەم رێنماییان رەفتار بکات ئەوا هێزە ئەمنییەکان رێکاری یاساییان بەرامبەر بگرێتەبەر.
٦- بەهەموو شێوەیەک تۆمەت بەخشینەوە بەرامبەران لەوەی بەعسی بوون یان بەتیرۆرست
یان بە میلیشیا وەسف کردنی بەرامبەر بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
٧- بەهەموو شێوەیەک هێرشکردنە سەر زیارەتکارانی دەرەوەی عێراق بەگشتی و
ئێرانییەکان بەتایبەتی قەدەغەیە جا بەدەستبێت یان بە دەم یان بەهەر هۆکار و شێوازێکی
دیکەبێت.
٨- بەهەموو شێوەیەک هەڵگرتنی چەکد قەدەغەیە، بەڵکو تەنانەت هەر ئامێرێکی
بڕندە و بریندارکار هەڵگرتنیان حەرامە.
٩- پێویستە بە بەرزترین شێوەی هاوکاری یارمەتی هێزە ئەمنییەکان بدرێت لە
هەموو ناوچەکانی عێراقدا بەتایبەتی تر لە شاری کەربەلا.
١٠- پێویستە هێزەکانی حەشدی شەعبی و سەرایا سەلام لە کەربەلا دوربخرێنەوە،
ئەمە کارێکی پێویستە و دەبێت بکرێت بە ئامانجی رێگری کردن لەهەر رووداوێکی نەخوازراو
کە ئەنجامەکەی قورسبێت.
لە کۆتاییشدا سەدر هەڕەشە دەکات و نوسیویەتی، ئەوەی
سەرپێچی لەم رێنماییانە بکات لێی بێبەری دەبن.