دایكێك دوای (١٨) رۆژ لە كۆچى دوایی كوڕه تەمەن دوو ساڵەکەی، به‌هۆى خه‌مخواردنه‌وه گیانى له‌ده‌ستدا.
بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی هەینی ڕابردوو ژنێکی تەمەن (٢٠) ساڵان بە ناوی (ئیمان بێستون) گیانی لەدەستدا، ئەوەش لەکاتێکدا بووە، کە (١٨) رۆژ پێش ئێستا کوڕە تەمەن دوو ساڵ و سێ رۆژەکەی بەهۆکارێکی نادیار و لە پڕ گیانی لەدەستداوە.
یەحیا ڕه‌سوڵ له‌باره‌ى چیرۆكى له‌ده‌ستدانى هاوسه‌ر و كوڕه‌كه‌یه‌وه ده‌ڵێت" دوای مردنی کوڕەکەمان ماڵەکەم گواستەوە و کەلوپەلی ناو ماڵەکەم گۆڕی، بۆ ئەوەی خێزانەکەم سەبوری بێت، بەڵام هیچ سووی نەبوو".
ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی پێنجشەممه‌ى هه‌فته‌ى ڕابردوو ئیمان پێیوتم، دەمرم و دەچمە لای ئۆزان تۆش ئاگات لە خۆت بێت، ئیتر رۆژی هەینی گیانی لەدەستدا.